گرانبوونی نەوت ئیتاڵیای ناچار بە کەمکردنەوەی باج کردووە
حکوومەتی ئیتاڵیا بڕیاری دا ماوەی کەمکردنەوەی باجی سەر سووتەمەنی درێژ بکاتەوە، ئەمەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هەڵاوسان و گرانبوونی نرخی کەلوپەل.
بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانی، حکوومەتی ئیتاڵیا ناچار بوو ماوەی کەمکردنەوەی باجی سەر سووتەمەنی درێژ بکاتەوە. ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێکە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخەکان، بەڵام بەشێکی شۆفێران گومانیان لەو هەنگاوەی حکوومەت هەیە.
ستیفانۆ ماجیسترێلی، هاووڵاتییەکی خانەنشینکراو، رایگەیاند، تێناگات بۆچی نرخی گازوایل بەم شێوە زۆرە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی ئاڵۆزییەکان لە ئێران، تەنیا چەند سەنتێک لە بەنزین گرانتر بوو، بەڵام ئێستا 30 بۆ 40 سەنت گرانترە.
ستیفانۆ ئاماژەی بەوە کرد، پێی وایە بازاڕی رەش و سەودا و مامەڵەیەکی زۆر لە پشت ئەم نرخانەوە هەیە.
سەرەڕای ئەوەی ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی بەرزترین باج دەخاتە سەر سووتەمەنی، بە جۆرێک نزیکەی 45% بۆ 55%ـی نرخی هەر لیترێک بەنزین یان گازوایل پێکدەهێنێت. دوای ئاڵۆزییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەڵکشانی بەخۆیەوە بینی، بۆ رێگەگرتنیش لە هەڵاوسان، حکوومەت بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی باجەکان بە رێژەی نزیکەی 25 بۆ 30 سەنت لەسەر هەر لیترێک.
ئەلیساندرۆ مارۆنی، شۆفێری بارهەڵگر، روونی کردەوە، پێی وایە دەیانەوێت پێیان بڵێن دەبێت واز لە بەکارهێنانی گازوایل بهێنن، مەبەستیشی ئەوەیە ئەم شتانە هەمووی رێکخراون. ئەلیساندرۆ ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا نرخی گازوایل و بەنزین بە جۆرێک بەرزبووەتەوە وەک بڵێی جیهان و حکوومەت هەموو رۆژێک گازوایل و بەنزینیان لێ دەبڕێت. خاوەنی بارهەڵگرەکە پێی وایە کۆگایەکی زۆری سووتەمەنی هەیە و ئەوەی روودەدات تەنیا یارییەکە و مامەڵەیەکی بازرگانییە.
سەرەڕای هەوڵە داراییەکانی حکوومەت، شۆفێرانی ئیتاڵیا گومانیان لە جێگیریی بازاڕ هەیە. بەرزبوونەوەی نرخی گازوایل نەک تەنیا کاریگەریی لەسەر شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان هەیە، بەڵکوو مەترسییەکی گەورە لەسەر کەرتی گواستنەوە و نرخی کەلوپەلی ناوماڵیش دروست دەکات، چونکە زۆربەی کارگەکان پشت بە بەرهەمەکانی نەوت دەبەستن.