یەکێتیی ئەوروپا بەڵێنی تۆڵەکردنەوە لە ترەمپ دەدات
یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی هۆشداریی دایە ئەمریکا و رایگەیاند، مافی خۆیەتی وەڵامی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بداتەوە سەبارەت بە زیادکردنی باج بۆ %25 لەسەر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە ئەوروپییەکان، ئەم هەنگاوەی برۆکسل وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە بڕیارەکەی ترەمپ کە بە "پێشێلی رێککەوتنە بازرگانییەکان" ناو دەبرێت.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پلاتفۆرمی (تروس سۆشیال)ەوە رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە باجی سەر ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ %25 زیاد دەکات، ترەمپ یەکێتی ئەوروپای بە پابەندنەبوون بە رێککەوتنە بازرگانییەکان تۆمەتبار کرد و جەختی کردەوە، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئەمریکا بەرهەم دەهێنرێن، بەبێ هیچ باجێک بچنە بازاڕەکانی ئەوروپاوە.
یەکێتی ئەوروپا لە وەڵامێکدا رایگەیاند، هەموو بژاردەکان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، هاوکات بێرند لانگ، سەرۆکی لیژنەی بازرگانی نێودەوڵەتی لە پەرلەمانی ئەوروپا، بڕیارەکەی بە قبووڵنەکراو ناوبرد و رایگەیاند، "هەڵسوکەوتەکانی ترەمپ نیشانەی متمانەپێنەکراوی لایەنی ئەمریکییە و ئەمە رێگەی مامەڵەکردن نییە لەگەڵ هاوبەشە نزیکەکان"، لانگ دووپاتی کردەوە، یەکێتیی ئەوروپا وەڵامێکی بەهێزی ئەمریکا دەداتەوە.
ئەم ئاڵۆزییە نوێیە لە کاتێکدایە کە هێشتا ساڵێک بەسەر واژۆکردنی رێککەوتننامەی تێرنبێری دا تێنەپەڕیوە، کە لە تەمموزی 2025 لە سکۆتلەندا لە نێوان ترەمپ و لایەنی ئەوروپی واژۆ کرا و تێیدا باجی ئۆتۆمبێلە ئەوروپییەکان بە %15 دیاری کرابوو.
چاودێران پێیان وایە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەڵمانیا، بە تایبەت براندە گەورەکانی وەک (ڤۆڵکسواگن و بی ئێم دەبلیو)، گەورەترین زەرەرمەندی ئەم بڕیارە دەبن، ئەم گرژییە بازرگانییە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و یەکێتی ئەوروپا بەهۆی جیاوازیی هەڵوێست لەسەر جەنگی ئۆکرانیا و ململانێکان لەگەڵ ئێرانە.