عێراقچی: دوای دوو هەفتە لە شەڕ واشنتن دەستی بە پاڕانەوە کردووە

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە و جیهان، رایگەیاند، دوای دوو هەفتە لە شەڕ، ئێستا کۆشکی سپی لە جیهان دەپاڕێتەوە.

هەینی 13ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر سەرکردایەتیی موجتەبا خامنەیی رێبەری نوێدا بە تەواوی لەسەر رێباز و سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆچکردووی ئێران بەردەوام دەبێت.

عێراقچی ئاماژەی بەوە دا، کۆشکی سپی کە پێشتر هەڕەشەی لە هیندستان دەکرد بۆ راگرتنی کڕینی نەوتی رووسیا، ئێستا لە جیهان دەپارێتەوە تاوەکوو نەوتی رووسیا بکڕن بۆ ئەوەی رێگری لە داڕمانی بازاڕی وزە بکەن.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عێراقچی هێرشی کردە سەر هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا و گوتی: "ئەوروپا پێی وابوو بە پاڵپشتیکردنی جەنگ دژی ئێران، دەتوانێت پاڵپشتیی ئەمریکا دژی رووسیا بەدەستبهێنێت، بەڵام هاوکێشەکان گۆڕاون و ئێستا ئەمریکا لەبارەی سزاکانی سەر کڕینی نەوتی رووسیا پاشەکشەی لە هەڵوێستەکانی کردووە".

بە گوتەی عێراقچی، ئەم دۆخە نیشانەی شکستی دیپلۆماسیی رۆژئاوا و سەرلێشێواوی واشنتنە لە بەڕێوەبردنی تەنگژە نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو ئاڵۆزییەکی سەربازیی تونددایە و تاران جەخت لە بەردەوامیی ستراتیژییەکانی خۆی دەکاتەوە، هاوکات جەنگی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری گەورەی دروست کردووەم بە جۆرێک نرخی نەوت و سووتەمەنی بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوەم ئەمەش هۆکاری داخستنی گەرووی هورمزە کە یەکێکە لە کاریگەرترین گەروە بازرگانییەکانی جیهان کە لە لایەن ئێرانەوە داخراوە و نەوت و سووتەمەنی لە وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە ئەستەم دەگات بە بازاڕە جیهانییەکان بە تایبەتی وڵاتانی ئەوروپا.