ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا

قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، تەواوی دامەزراوە نەوتی و ئابوورییەکانی پەیوەست بە واشنتن لە ناوچەکەدا خاپوور دەکەن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا، لە راگەیەنراوێکدا، وەڵامی دۆناڵد ترەمی دایەوە و ئاماژەی بەوە دا، ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی نەوتی، ئابووری یان وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوا سەرجەم ئەو دامەزراوە نەوتییانەی لە ناوچەکەدا پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، رووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە.

ئەم لێدوانە توندەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە سوپای وڵاتەکەی "یەکێک لە بەهێزترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام داوە و بەتەواوی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی لە دوورگەی 'خارک'ـی ئێران خاپوور کردووە."

رۆژی چوارشەممەی رابردووش، قەرارگەی "خاتەمولئەنبیا"ـی ئێران هۆشدارییەکی توندی دابووە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، و هەڕەشەی وەڵامێکی "کەمەرشکێن و وێرانکەر"ـی کردبوو لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزە و بەندەرەکانی ئێران

ئێران هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو، کە "لە ئەگەری روودانی دەستدرێژییەکی لەم شێوەیە، تەواوی ژێرخانی نەوت و گازیی ناوچەکە کە ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لێی سوودمەند دەبن، دەسووتێندرێن و وێران دەکرێن."