جەنگی ئێران گیرفانی هاووڵاتییانی ئەوروپای خاڵی کردووە
ناوەندی لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییەکانی ئیسپانیا (CIS) نوێترین توێژینەوەی خۆی بڵاو کردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت زۆرینەی ئیسپانییەکان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە دۆخی جیهان و جەنگی ئێران وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر بژێوی و گیرفانیان دەبینن.
توێژینەوەکە کە 6001 کەس بەشدارییان تێیدا کردووە، لە نێوان 22 بۆ 30ـی نیسان ئەنجامدراوە، وێنەیەکی تەمومژاوی و نەرێنی نیشان دەدات. بەپێی ئەنجامەکان، 89.5%ـی خەڵکی ئیسپانیا پێیان وایە جیهانی ئێستا زۆر مەترسیدارترە لە چاو 10 ساڵ لەمەوبەر، و 66.6%ـیشیان ترسی جددییان لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی هەیە.
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی راپرسییەکە ئەوەیە کە 68%ـی ئیسپانییەکان دەڵێن جەنگی ئێران بە تایبەت کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانیان هەبووە. ئەو کەسانەی کە زیانمەند بوون، بەم شێوەیە وردەکاریی سەر تێچووی ژیانیان.
91.3% دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەنزینەوە ئاستەنگیان بۆ دروستبووە.
91.2% دەڵێن جەنگەکە بووەتە هۆی گرانبوونی سەبەتەی خۆراک و پێداویستییەکانی ناوماڵ.
75.9% ئاماژە بەوە دەکەن کە پسوولەی کارەبا و گازەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە.
ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە داخستنی گەرووی هورمز و گەمارۆی سەر ئێران، راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر تێچووی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی ئەوروپا.
داڕمانی ناوبانگی ئەمریکا و ترەمپ
توێژینەوەکە دەریخستووە کە رای گشتیی ئیسپانیا زۆر بە توندی دژی سیاسەتەکانی ئیدارەی ئێستای ئەمریکایە:
90%ـی بەشداربووان پێیان وایە وێنە و پێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جیهاندا بەرەو خراپتر چووە.
92.2%ـی خەڵک پێیان وایە ناوبانگ و متمانەی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە.
52.4%ـی ئیسپانییەکان پێیان وایە ئەمریکا و ئیسرائیل لەو جەنگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵیانگیرساندووە، "دۆڕاون" و تەنیا 27.6% پێیان وایە دەیبەنەوە.
هەروەها 71.3% پێیان وایە ئابووری ئەمریکا خۆیشی بەهۆی ئەم جەنگەوە تووشی پاشەکشەی گەورە دەبێت.
داواکاری بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەمریکا و نزیکبوونەوە لە چین
بەهۆی ئەم نادڵنیاییەوە، گۆڕانکاریی گەورە لە تێڕوانینی سیاسیی خەڵکدا دروست بووە. 54.5%ـی بەشداربووان داوا دەکەن یەکێتی ئەوروپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی تری وەک چین و هێزە نوێیەکان بەهێز بکات، لە بەرامبەردا تەنیا 31.5% پێیان باشە ئەوروپا لە ژێر چەتری ئەمریکا و ناتۆدا بمێنێتەوە.
هەروەها راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن کە جەنگی ئێران لە خراپترین کاتی دارایی جیهاندا روویداوە. لە کاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەدەست پاشماوەکانی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیاوە دەناڵێنن، داخستنی گەرووی هورمز قەیرانێکی کوشندەی "سووتەمەنی فڕۆکە"ی دروست کردووە کە گەشتە ئاسمانییەکانی جیهانی پەکخستووە.
فیتچ رەیتینگز: جبەخانەی دارایی وڵاتان خاڵی بووەتەوە
ئاژانسی نێودەوڵەتیی فیتچ رەیتینگز لە نوێترین پۆلێنکردنیدا رایگەیاند، زۆربەی ئابوورییە گەورەکانی جیهان چیتر توانای شۆکێکی نوێی وزەیان نەماوە. حکوومەتەکان، ملیارەها دۆلاریان لە کاتی پەتای کۆرۆنا، جەنگی ئۆکرانیا و قەیرانی وزەی 2022 خەرج کرد، ئێستا بە باڵانسێکی دارایی زۆر لاوازەوە رووبەڕووی جەنگی ئێران بوونەتەوە.
بەریتانیا، فەڕەنسا و بەلجیکا لە خراپترین دۆخی دارایی ئەوروپادان. کورتهێنانی بودجەیان لە سەروو 3% و قەرزەکانیان گەیشتووەتە 100%ـی بەرهەمی ناوخۆیی.
هەروەها پێنتاگۆن داوای 200 ملیار دۆلاری زیاتر بۆ ئەمساڵ و 440 ملیار دۆلاری تریش بۆ بودجەی 2027 دەکات. فیتچ هۆشداری دەدات ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا بۆ 8% بەرز دەبێتەوە.
هەر یەکە لە ئیرلەندا، یۆنان و وڵاتانی سکاندیناڤیا بەهۆی سیاسەتی توندی چاکسازیی پێشوویان، باشترین پێگەیان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکە.
کارەساتی سووتەمەنی فڕۆکە؛ ئاسمان بەرەو چۆڵبوون دەچێت
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) ئاشکرای کرد کە داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، هەناردەی سووتەمەنی فڕۆکەی لە جیهاندا بە رێژەی 30% کەم کردووەتەوە؛ نرخی یەک بەرمیل سووتەمەنی فڕۆکە لە ئەوروپا دوو هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 187 دۆلار؛ کۆمپانیای لوفتهانزای ئەڵمانی تەنیا بۆ ئەمساڵ 20,000 گەشتی کورتخایەنی هەڵوەشاندووەتەوە؛ هەروەها 20%ـی سووتەمەنی فڕۆکەی ئەوروپا لە کەنداوەوە دەهات، ئێستا کۆگاکان خەریکە دەگەنە خاڵی سفر.
هاوپەیمانیی نوێی ئیمارات و یەکێتی ئەوروپا
سەرەڕای جەنگ، یەکێتی ئەوروپا و ئیمارات لە لێواری واژۆکردنی یەکەمین رێککەوتنی بازرگانیی ئازاددان. لوسی بێرگەر، باڵیۆزی ئەوروپا لە ئیمارات رایگەیاند: "گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان نەک تەنیا پاشەکشەیان پێ نەکردووین، بەڵکو وایانکردووە جددیتر بین لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنەکە."
هاوکات ئیمارات و ئەوروپا کار لەسەر پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای درۆن و ژیریی دەستکرد دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران.