تەقینەوەیەک ناوەڕاستی بەغدای هەژاند

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری2026، سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز ناوچەی "مەسبەح - عەرسات"ی لە ناوەڕاستی پایتەخت بیسترا و دەستبەجێ دوای رووداوەکە، حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەیان لە ئەستۆ گرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، تەقینەوەکە لەرێگەی موشەکێکەوە بووە بارەگای سەر بە لیوای 40ـی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەرسات لە ناوەڕاستی بەغدا کردووەتە ئامانج. ئەوەشی خستەروو 12 کەس کوژراون و برینداربوون.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو رووداوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی هەشت کەسی دیکە کە سەرجەمیان ئەندامی فراکسیۆنە چەکدارەکانی عێراقن، لەنێویاندا سەرکردە دیارەکان".

هاوکات، هەندێک سەرچاوەی میدیایی و ئەمنیی ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەری هەیە ئەم هێرشە هەوڵێکی تیرۆرکردن بووبێت بۆ سەرکردەیەکی دیاری بەرەی مقاوەمە لە عێراق، کە لەو ناوچەیەدا نیشتەجێیە.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە لە کاتێکدایە عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕن. لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک هێرش بارەگاکانی ،مقاوەمەی عێراقییان کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە پاشخانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان و ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە ئەنجامی هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دروست بووە.