لە بەغدا بە درۆن هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە. ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە ئەنجامدانی دوو هێرشی ئاسمانی لە ناو جەرگەی پایتەختی عێراق کە تێیاندا دوو ئەندامی "کەتائیبی حزبوڵڵا"ی لایەنگری ئێران کوژران، کە یەکێکیان "کەسایەتییەکی گرنگ" بووە.
وردەکاری هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانە
پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس" رایگەیاندووە کە بەرەبەیانی شەممە دووکەڵێکی رەش لە ئاسمانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز بینراوە. بەرپرسێکی باڵای ئەمنی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە کە هێرشەکە لەرێگەی درۆنەوە بووە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە موشەکی بووە و یەکێکیان لە نزیک شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکانی نێو باڵەخانە دیپلۆماسییەکە کەوتووەتەوە.
ئەمە دووەمجارە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی تشرینی یەکەمەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راستەوخۆ بکرێتە ئامانج.
پێش هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانە، دوو هێرشی جیاواز لە بەغدا ئەنجامدران، لەوانەش کاتژمێر 2:15ـی شەو، ماڵێک لە ناوچەی عەرسات کە وەک بارەگای کەتائیبی حزبوڵڵا بەکاردەهات، بە موشەک کرایە ئامانج. لە ئەنجامدا کەسایەتییەکی دیار گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. هێرشی دووەم؛ لە ناوچەی نەهرەوان لە رۆژهەڵاتی بەغدا، ئۆتۆمبێلێکی یەکێک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی (کە سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵا بووە) کرایە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی.
تاوەکو ئێستا کەتائیبی حزبوڵڵا کە لەلایەن واشنتنەوە وەک گرووپێکی "تێرۆریستی" پۆلێن کراوە، هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە ناسنامەی کوژراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە عێراق ساڵانێکی زۆرە بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان واشنتن و تاران. حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هەوڵیانداوە هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەردوو وڵاتدا بپارێزن، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمدواییە، گرووپە چەکدارەکان لەژێر ناوی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
حەشدی شەعبی گرووپەکانی لایەنگری ئێرانیش لەخۆ دەگرێت، بە فەرمی بەشێکن لە دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق، بەڵام بەشێک لە فەسیڵەکان بە سەربەخۆیی بڕیاری هێرشکردن دەدەن. تا ئێستا نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانەی ناو بەغدا رانەگەیاندووە.