ترەمپ: ئێران بە تەواوی تێکشکاوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دوو هەفتە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، "بەتەواوی دۆڕاوە و دەیەوێت رێککەوتنێک ئەنجام بدات"، بەڵام جەختی کردەوە، ئەو بە مەرجەکانی ئێستا رازی نابێت.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" (Truth Social) هێرشی کردە سەر میدیاکان و بە هەواڵی ساختە وەسفی کردن. ئەو نووسیویەتی: "میدیاکان رقیان لە راپۆرتکردنی ئەو سەرکەوتنە مەزنانەیە کە سوپای ئەمریکا لە دژی ئێران بەدەستی هێناوە. ئێران بە تەواوی شکستی هێناوە و دەیەوێت رێککەوتن بکات، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نابێت کە من رازی بکات."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران لە رووی سەربازییەوە بەرەو نەمان دەچێت و گوتی: "ئیتر هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتییەکی کاریگەر لە ئێراندا نەماوە. ئەوان ئێستا دەیانەوێت قسە بکەن، بەڵام من پێم گوتن زۆر درەنگ بووە و ئەمریکا هیچی کەمتر لە تەسلیمبوون قبوڵ ناکات."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن واشنتن هێرشی کردە سەر دوورگەی "خارگ" کە ناوەندیی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. هەروەها بڕیارە هێزی دەریایی ئەمریکا لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بکات بە یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمزدا بۆ پاراستنیان لە هەر هێرشێک.

لە بەرامبەردا، تاران بە شەپۆلێکی نوێی هێرشی درۆن و مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو وەڵامی دایەوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (PBS) ئەگەری دانوستانی لەگەڵ واشنتن بەدوور زانی و رایگەیاند: "پێموانییە چیتر قسەکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان لە کارنامەی ئێمەدا بێت."

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی ئەزموونێکی زۆر تاڵی لە دانوستانەکانی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا هەیە و جەختی کردەوە، هێرشە مووشەکییەکانی وڵاتەکەی تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبن.