سوپای ئیسرائیل بۆ دانیشتووانی ناوچەیەکی تەورێز: ماڵەکانتان چۆڵکەن

سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە، 14ـی ئاداری 2026، فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی ناوچەیەکی پیشەسازی لە ڕۆژئاوای شاری تەورێز لە باکووری ئێران دەرکرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە بڕیارە لە "کاتژمێرەکانی داهاتوودا" ئەنجام بدرێن.

سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، پەیامێکی بڵاوکردەوە و نەخشەیەکی ناوچەکەی پێوە لکاندووە، تێیدا هاتووە: "لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی گیانتان، داواتان لێدەکەین دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن."

هاوکات، نیگەرانییەکی زۆر هەیە لەوەی کە هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە نەتوانن ئەم هۆشدارییە ببینن یان بیبیستن؛ چونکە ماوەی دوو هەفتەیە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا بڕاون، ئەوەش بەهۆی ئەو جەنگە سەختەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.