جێگری سەرۆکی ئەمریکا: هێشتا نازانین برینەکەی موجتەبا خامنەیی چەند سەختە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا کۆمەڵێک زانیاری نوێی سەبارەت بە جەنگی ئێران و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە روو.
لە بەشێکی قسەکانیدا ڤانس تیشکی خستە سەر دەنگۆی برینداربوونی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتڕاستی کردەوە، کەسی یەکەمی ئەو وڵاتە بریندارە.
روونیشی کردەوە، بەهۆی ئەو دۆخە پشێو و ئاڵۆزەی لە ناوچەکەدا هەیە و تێیدا هەم ئەمریکا و هەم ئیسرائیل ئامانجەکانیان دەپێکن، هێشتا دیار نییە کام لایەن هۆکاری برینداربوونەکەیەتی و تا چەندیش برینەکەی سەختە.
سەبارەت بەو هێرشەی لە 28ی مانگی رابردوو کرایە سەر قوتابخانەیەک لە شاری مینابی پارێزگای هورمزگان و بەپێی ئامارەکانی بەرپرسانی ئێران لانی کەم 175 کەس تێیدا کوژراون و زۆربەیان منداڵن، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا وێنەکە بەتەواوی لایان روون نییە و دەبێت بزانن بە راستی چی روویداوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە لە رووداوەکە بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی تاران واشنتن بەم هێرشە تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن بە مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی کراوەتە ئامانج.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا ڤانس وەڵامی ئەو پڕوپاگەندانەی دایەوە باس لە بوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی جەنگ.
جەی دی ڤانس دووپاتی کردەوە، بڕیارەکانی ترەمپ لەسەر بنەمای راوێژ و گفتوگۆدان لەگەڵ تیمەکەیدا و پێویستیشە ئەو گفتوگۆیانە بە نهێنی بمێننەوە. هەروەها ستایشی یەکڕیزیی تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کارەکانیان لەسەر بنەمای متمانەی نێوانیان و ئاڵوگۆڕی ئازادانەی بیرۆکەکانە و دەیەوێت ئەو دۆخەش بەردەوام بێت.