ئەتروشی: مافەکانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراقدا جێگیر کران
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ دیار نییە و بەردەوامیی ناکۆکییەکانیش هۆکاری دواکەوتنەکەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا هیچ شتێک سەبارەت بە کاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێ دیار نییە. هۆکارەکەشی ناکۆکی و بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان لایەنە شیعەکان و سوننەکان گەڕاندەوە.
فەرهاد ئەتروشی ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکوو ئێستا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بە فەرمی داوای دانیشتنی پەرلەمانی نەکردووە. سەبارەت بە کارنامەی وەزاریش روونیشی کردەوە، لیژنەیەک بۆ داڕشتنی کارنامەکە پێکهێنراوە و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، سەرپەرشتی دەکات.
سەبارەت بە چوونی 150 پەرلەمانتاری عێراق بۆ حەج، ئەتروشی باسی لەوە کرد، پێی وا نییە ژمارەکە هێندە بێت و رەنگە لە دەوروبەری 30 پەرلەمانتاردا بێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستە روو، سێ نوێنەری کورد لە لیژنەکەدان و توانیویانە تەواوی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی فیدراڵییەت و پرسی نەوت و غاز و ماددەی 140 لە کارنامەکەدا جێگیر بکەن. ئەم کارنامەیەش وەک هەموارێکە بۆ کارنامەکەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەرهاد ئەتروشی باسی لەوە کرد، نوێنەرانی کورد لە لیژنەکەدا پێکدێن لە نوێنەرانی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. دەربارەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ پۆستە وزارییەکان رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا ئاگاداری ئەو بابەتە نییە.