ئیسرائیل: ئەوەی لە غەززە کردمان، لە لوبنانیش دەیکەین

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە ناو خاکی لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان بکات، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی و لەناوبردنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لە لێدوانێکدا هۆشداری دا و رایگەیاند: "ئەوەی لە غەززە کردمان، لە لوبنانیش دەیکەین"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ وێرانکردنی باڵەخانە و ژێرخانەکان لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پاڵپشتی لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان دەکات بۆ بێچەککردنی حیزبوڵڵا، بەڵام هاوکات گوشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی زیانەکان سنووردار بکات و داوای گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دەکات کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی رێککەوتن.

بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، تا چەند رۆژێک لەمەوبەر هەوڵیان دەدا دۆخەکە پەرە نەسێنێت، بەڵام دوای ئەوەی حیزبوڵڵا زیاتر لە 200 مووشەکی لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ئاراستە کردن، بڕیارەکە گۆڕا. ئیسرائیل ئەم هێرشە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران وەسف دەکات و دەڵێت: "ئیتر هیچ رێگەیەک بۆ پاشەکشە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی فراوان نەماوە."

لە بەرامبەردا، نەعیم قاسم، ئەمینداریی گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، حزبەکەی ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن. قاسم گوتی: "خۆمان بۆ شەڕێکی درێژ ئامادە کردووە و دوژمن لە مەیدانەکەدا تووشی سەرسوڕمان دەبێت، هەڕەشەکان نمانترسێنن و ئەمە شەڕی مان و نەمانە."

لە کاتێکدا چاوەڕێی هێرشی زەمینی گەورە دەکرێت، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی لوبنان، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شوقەیەک لە شاری سەیدا 4کەس کوژران. هەروەها وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکی دیکەدا لە باشووری وڵاتەکە، 12 کارمەندی پزیشکی لە ناوەندێکی تەندروستیی بوونەتە قوربانی.