خەونە گەورەكەی فلۆرێنتینۆ پێرێز ئاشكرا دەبێت

كیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاند
كیلیان ئێمباپێ و ئێرلینگ هالاند

دوای نزیكەی 15 ساڵ بۆ یەكەمجارە فلۆرێنتینۆ پێرێز لەم وەرزە چەندان جار لە لایەن هاندەرانەوە فیكەی ناڕەزایی لە دژی لێ دەدرێت و تاوانباری دەكەن بەوەی كە یاریزانانی پێویست بۆ ریال مەدرید ناگوازێتەوە، بەڵام پێرێز دەیەوێت بە گواستنەوەی هالاند كۆتایی بە رەخنەكانی هاندەران بێنێت.
بە گوێرەی رۆژنامەی لكیپی فەرەنسا، خەونی گەورەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دووانەی ئێرلینگ هالاند و كیلیان ئێمباپێیە بەیەكەوە لە ریال مەدرید.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە چارەنووسی گواردیۆلا و مان سیتی لە كۆتایی ئەم وەرزە داهاتووی هالاند یەكلایی دەكاتەوە، چونكە مانەوەی ئەو هێرشبەرە نەرویجییە پەیوەستە بە داهاتووی پێپ گواردیۆلا لەگەڵ سیتی، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشبینی ئەوە كراوە رەنگە ئەم وەرزە دوایین وەرزی پێپ گواردیۆلا بێت لەگەڵ مانچێستەر سیتی.
ئێرلینگ هالاندی تەمەن 25 ساڵ، گرێبەستەكەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی تا 2034 درێژ كردەوە، بەڵام بڕگەیەك لە گرێبەستەكەی رێگەی پێدەدات یانەكە جێبهێڵێت.