ستۆڵتنبێرگ: ئەگەری هەیە ناتۆ لە سەردەمی ترەمپدا هەڵبوەشێتەوە
سکرتێری پێشووی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هۆشدارییەکی توند دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەری هەیە هاوپەیمانێتییەکە لە خولی ئێستای سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بەرگەی مانەوە نەگرێت.
شەممە 14ـی ئاداری 2026، یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری پێشووی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی سی"ـی کەنەدی ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ گەرەنتییەک نییە کە ناتۆ لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ رزگاری ببێت، چونکە ناوبراو بە ئاشکرا ناڕەزایی و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە هاوپەیمانێتییەکە دەربڕیوە".
سکرتێری پێشووی ناتۆ، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم رێکخراوە کردەوە و گوتی: "بوونی ناتۆیەکی بەهێز هەم بۆ ئەوروپا و کەنەدا و هەم بۆ خودی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش سوودی زۆری هەیە".
ئەم لێدوانانەی ستۆڵتنبێرگ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار بە توندی رەخنەی لە ناتۆ گرتووە و داوای کردووە وڵاتانی ئەندام خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن، لە هەمان کاتیشدا زۆرجار خۆی بە ڕزگارکەری هاوپەیمانێتییەکە ناو بردووە.