وەزارەتی پێشمەرگە: هێرشمان نەکردووەتە سەر حەشدی شەعبی
وەزارەتی پێشمەرگە رەتی دەکاتەوە هێزەکانییان هێرشیان کردبێتە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین؛ دەشڵێت: بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن.
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ شەممە 14ـی ئاداری 2026، لە چەند کەناڵ و پەیجێکی راگەیاندندا، هەواڵێکی ناڕاست بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان هەبووە لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، تەواوی ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە توندی رەت دەکەینەوە. رایدەگەیەنین کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەکەدا هەن، پێشمەرگە بەشداریی هیچ جۆرە کردەیەکی سەربازیی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە و پابەندین بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە گەل هێزە ئەمنییە عێراقییەکاندا.