پەرلەمانتارەکانی نزیک لە مقاوەمەی ئیسلامی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا دەدەن
دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، فراکسیۆنەکانی نزیک لە "مقاوەمەی ئیسلامی" هەڵمەتێکی فراوانیان لە پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە و بە کۆکردنەوەی واژۆی 170 پەرلەمانتار، هەوڵدەدەن دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتن ڕێکبخەن.
لە پەرەسەندنێکی نوێی سیاسیدا و وەک کاردانەوەیەکی راستەوخۆ بەرانبەر بە گرژییە ئەمنییەکانی گۆڕەپانی عێراق و بۆردوومانەکانی ئەمریکا، ژمارەیەکی بەرچاو لە پەرلەمانتارانی نزیک لە حەشدی شەعبی و هێزەکانی مقاوەمەی ئیسلامی هەنگاوی کردارییان ناوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی و راوێژکاریی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو هێزە سیاسییانەی نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی دەکەن و خاوەنی زیاتر لە 100 کورسیی پەرلەمانین، لە 8ی ئەم مانگەدا یاداشتێکیان ئامادە کردووە و تێیدا بە روونی داوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکەن، کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی راوێژی سەربازی و ئەمنی لەلایەن واشنتنەوە بە هێزە عێراقییەکان.
سەرچاوە پەرلەمانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرکردایەتیی ئەم کەمپەینە تا ئێستا توانیویانە واژۆی 170 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆبکەنەوە. بڕیاریشە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنە ئاساییەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەم یاداشتە و واژۆکان بە فەرمی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوەی پەرلەمانتاران، ناچارکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و تایبەت، تاوەکوو تێیدا پڕۆژەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوان بەغدا و واشنتن بخرێتە دەنگدانەوە و ببێتە بڕیارێکی یاسایی و حکومەت پابەند بکات بە جێبەجێکردنی.