تاڵیبان: 14سەربازی پاکستانمان کوشتووە و دەستمان بەسەر بنکەیەکی سەربازیدا گرتووە

وەزارەتی بەرگری لە حکوومەتی تاڵیبانی ئەفغانستان رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییەی پاکستان بۆ سەر خاکەکەیان، هێزەکانی تاڵیبان هێرشی توندیان کردووەتە سەر سنوورەکانی ئەو وڵاتە و لە ئەنجامدا 14 سەربازی پاکستانییان کوشتووە.

وەزارەتی بەرگریی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانیان پێگەکانی سوپای پاکستانیان لە نزیک هەردوو ویلایەتی "کونار و نەنگەرهار" کردووەتە ئامانج، لەم دواییانەدا گرژییەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "خاما پرێس"، بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن جگە لە کوژرانی ئەو 14 سەربازە، 11 سەربازی دیکەی پاکستان بریندار بوون و هێزەکانیان توانیویانە دەست بەسەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاکستاندا بگرن.

لە بەرامبەردا، دەسەڵاتدارانی پاکستان دانیان بەوەدا ناوە درۆنەکانی تاڵیبان هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی ناوخۆی پاکستان، بەڵام ئاماری کوژراو و بریندارەکانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. هاوکات، ئاسیف عەلی زەرداری، سەرۆککۆماری پاکستان، سەرکۆنەی هێرشەکانیکرد و بە "پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی" وەسفی کردن.

ئەم پێکدادانە خوێناوییانە دوای ئەوە دێن کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند ئامانجێک لە ویلایەتەکانی کابول، قەندەهار، پکتیکا و پکتیا لە ناوخۆی ئەفغانستان. تاڵیبان جەخت دەکاتەوە کە لەو هێرشانەدا خانووی هاووڵاتیانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 6 کەس کوژراون و زیاتر لە 24 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لای خۆیەوە تەلەفزیۆنی فەرمی پاکستان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان "هێرشی ئاسمانی سەرکەوتوویان لە قووڵایی خاکی ئەفغانستاندا" ئەنجامداوە، بە ئامانجی لەناوبردنی چوار حەشارگەی چەکداران و ژێرخانە سەربازییەکانیان، و رەتیدەکەنەوە هاووڵاتیانی مەدەنییان کردبێتە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، بە جۆرێک پاکستان وەک "جەنگێکی کراوە" ناوی دەبات، ئەمەش مەترسییەکانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.