بارسێلۆنا دەیەوێت تۆڵەی شەرمەزارییە گەورەكەی ئەم وەرزە بكاتەوە

یارییەكی سێڤییا و بارسێلۆنا لە لالیگا
یارییەكی سێڤییا و بارسێلۆنا لە لالیگا

بارسێلۆنا لە گەڕی 28 خولی ئیسپانیا و لە یاریگای خۆی لە كاتژمێر 06:15 خولەكی ئێوارە میوانداریی سێڤییا دەکات، یانەکەی هەرێمی ئەندەلوس واتە سێڤییا، قۆناغی یەکەم توانی بلاوگرانا تووشی یەکێک لە گەورەترین دۆڕانەکانی مێژوو بکات، بۆیە یاریزانەکانی بارسا ئامانجیانە لەو یارییە، تۆڵەی شکستەکەی یاری چوون بەرامبەر سێڤییا بکەنەوە.

بارسێلۆنا 2 ئامانجی هەیە
هانزی فلیک و یاریزانەکانی دوو ئامانجیان هەیە، یەکەمیان تۆڵەکردنەوەی دۆڕانە قورسەکەی یاری قۆناغی یەکەم بەرامبەر سێڤییا، کە بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ دۆڕان، ئامانجی دووەمیان زیادکردنی جیاوازی خاڵەکانیان لەگەڵ ریاڵ مەدریدی رکابەریانە.
بۆ ئەم یارییە خوان مارتینێز وەکو ناوبژیوان دیاریکراوە، هاندەرانی بارسێلۆنا یادگاری خۆشیان لەگەڵ ئەو ناوبژیوانە نییە، لەبەر ئەوەی لە دوایین یاری بە ناوبژیوانەیتی مارتینێز، یانەکەیان لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو.

فلیك: دۆڕانەكەیان وانەیەكی زۆر قورس بوو
هانزی فلیک راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە رایگەیاند، دۆڕانەکەی بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید وانەیەکی قورس بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بووە وانەیەکی باش بۆ ئەوان.
لەمبارەیەوە فلیك گوتی: بە گشتی لە ماوەی 11 رۆژی رابردوو 4 یاریمان کردووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای جەستەیی یاریزانەکان دروست دەکات، هەروەها ناچارمان دەکات زۆرترین گۆڕانکاری بکەین و لە هەندێکی پۆستیش دەستمان کراوە نییە و تووشی کێشە دەبین. ئەوەی گرنگە گەڕانەوەی بەشێک لە یاریزانەکانە لە پێکانەکانیان''.
فلیك هێمای بۆ ئەوەش كرد دۆڕانەکەیان بەرامبەر ئاتڵێتیکۆ مەدرید بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوەڵام، وانەیەکی قورس بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا وانەیەکی باشیان وەرگرتووە.

داینەمۆی بارسێلۆنا گەڕاوەتەوە
گاڤی ناوەڕاستکاری بارسێلۆنا دوای ماوەیەکی زۆر دابڕان بەهۆی پێکان، لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بانگهێشتی ئەم یارییە کراوە. سەرەڕای ئەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێز لە دوو رۆژی رابردوو بەشداری راهێنانە بە کۆمەڵەکانی نەکردووە، بەڵام بۆ ئەم یارییە هیچ کێشەیەکی نابێت.
پێش یارییەکەی قۆناغی یەکەمی ئەم وەرزە، بارسێلۆنا 10 یاری بوو لەسەر یەک بەرامبەر سێڤییا نەدۆڕابوو، بەڵام لە یاری قۆناغی یەکەم تووشی دۆڕانێکی قورس بوو، هەر ئەمەش وایکرد بارسێلۆنا نەتوانێت پارێزگاری لەو ریکۆردەی بکات.