ئەردۆغان ناتۆ و ئەمەریكا تۆمەتبار دەكات

ئەردۆغان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تۆمەتبار كرد بە پێشكەشكردنی ھاریكاری سەربازی بە "یەپەگە"

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) گرت و تۆمەتباریكرد بە بەجێھێشتنی توركیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ ئەوەی بەشدارییەكی پێویست بكات لەو كارەدا.

ئەردۆغان ئەمڕۆ لە لێدوانێكیدا گوتی: "ئەمنی یەكێتی ئەوروپا و پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە سنووری رۆژھەڵاتمانەوە دەستپێدەكات. ھەرگیز ھاریكاریمان رەت نەكردووەتەوە لە چوارچێوەی پەیمانی ناتۆدا لە شەڕكردن دژ بە تیرۆر"، ئەردۆغان پرسیی: "بۆ چی دەوڵەتانی ناتۆ ئێمەیان بە تەنیا ھێشتەوە لە رووبەڕووبوونەوە بۆ لە ناوبردنی تیرۆر؟ كێ، جگە لە توركیا شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەكات".

ئەردۆغان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای تۆمەتبار كرد بە پێشكەشكردنی ھاریكاری سەربازی بە یەكینەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە"، كە ئەنقەرە بە رێكخراوێكی تیرۆریستیی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ی قەدەغەكراو لە توركیا دایدەنێت.

سەرچاوە: نۆڤۆستی