وەزیری وزەی ئەمریکا: جەنگ لەگەڵ ئێران لە چەند هەفتەیەکی کەمدا کۆتایی دێت
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگ لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا تەواو بێت، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە دەبێتە هۆی بووژانەوەی دابینکردنی نەوت و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، کریس رایت وەزیری وزەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ABC)ـی ئەمریکی گوتی: "کێشە و ململانێ لەگەڵ ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاستی هەناردەی نەوت و دابەزینی نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا".
هەروەها گوتیشی: "جیهان ئێستا بە قۆناغێکی کورتی پشێوی لە کەرتی وزەدا تێدەپەڕێت، بەڵام لە جەنگەکاندا هیچ گرەنتییەکی تەواو نییە سەبارەت بە کاتی وردی کۆتاییهاتنی ئەم پشێوییانە".
لە لای خۆیەوە، رابیتەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی (AAA) جەختی کردووەتەوە، تێکڕای نرخی بەنزین گەیشتووەتە 3.70 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک، کە ئەمەش بە ڕێژەی 24% زیادیکردووە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.