عێراقچی: ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی داوای ئاگربەستی نەکردووە و بە هیچ شێوەیەک بیر لە گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناکاتەوە.

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (CBS) ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی هەرچەند کاتەکەش زۆر بێت بەڵام وڵاتەکەی دەتوانێت بەرگری لە سەروەری خاک و گەلەکەی بکات و خۆڕاگربێت.

عێراقچی گوتیشی: "ئەزموونەکانی پێشووی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکییەکان بێسوود بوون، بۆیە وڵاتەکەمان لە ئێستادا هیچ سوودێک لە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان نابینێت."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عێراقچی گوتویەتی،"ئێران گەرووی هورمزی دانەخستووە، بەڵکو بە هۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هاتوچۆی کەشتییەکان وەستاوە".

ئەم لێدوانەی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای ئەوە دێت، شەممە 14ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران داوای گفتوگۆی کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا بڕیاری نەداوە باسی رێککەوتن و ئاشتی لەگەڵ ئێران بکات چونکە کات و مەرجەکانی لەبار و گونجاو نییە بۆ ئەوەی ئەمریکا جەنگ دژی ئێران رابگرێت.