فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و 4 کەس برینداربوون

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، کاتژمێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئاداری 2026، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دەوروبەری بە پێنج موشەک کرانە ئامانج.

سەبارەت بە زیانەکان، فەریق سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە 4 کارمەند و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی فڕۆکەخانە، لەگەڵ ئەندازیارێک بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، موشەکەکان لەم شوێنانە کەوتوونەتە خوارەوە:
1-  ناو گۆڕەپانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
2-  وێستگەی پاککردنەوەی ئاو.
3-  نزیک بنکەی ئاسمانی شەهید عەلا.
4-  نزیک زیندانی ناوەندیی (کەرخ).

سەرۆکی شانەی ئەمنی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد، دوای هێرشەکە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە و توانیویانە ئەو سەکۆیەی موشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە، لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا لە ناوچەی رەزوانەیە لە رۆژئاوای بەغدا بدۆزنەوە.

وەک کاردانەوەیەکی خێرا بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە ئەمنییە، فەرمانی لادانی فەرماندەی کەرتەکان و ئەفسەرانی هەواڵگری لەو ناوچانە دەرکراوە، هاوکات رێکاری یاسایی دەستپێکراوە و رێوشوێنی ئەمنیی توند لە دەوروبەری ناوچە جیاوازەکان گیراوەتە بەر.