لاریجانی لە وەڵامی واشنتن: مردن بەختەوەرییە و ژیان لەگەڵ ستەمکاران بێزارییە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە بارەی بڕیارەکەی ئەمریکاوە کاردانەوەی نیشانداو رایگەیاند،"بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ دانانی ناوی لە لیستی ئەو کەسانەی ئەمریکا بە دوای زانیاریدا دەگەڕێت لەسەریان شتێکی ئاساییە و بە لایەوە گرنگ نییە".

یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، بە بەکارهێنانی وتەیەکی ئیمام حسێن وەڵامی بڕیارەکەی ئەمریکای دایەوە و گوتی: "من مردن بە بەختەوەری دەبینم  و ژیان لەگەڵ ستەمکارانیش بە بێزاری و ناخۆشی".

ئەم کاردانەوەیەی لاریجانی دوای ئەوە دێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەر (Rewards for Justice)، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کرد بۆ هەر کەسێک زانیاری بدات لەسەر ئەو سەرکردە سیاسی و ئەمنییانەی ئێران کە تۆمەتبارن بە هەبوونی پەیوەندی بە چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە دەرەوەی وڵات. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر کەسێک زانیاری بدات، دەکرێت مافی پاراستن یان نیشتەجێکردنەوەی لە وڵاتێکی دیکە پێبدرێت.

هاوکات لیستەکەی ئەمریکا چەندین کەسایەتی باڵای ئێرانی لەخۆگرتووە، لەوانە موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و سەربازی کە بەرپرسن لە دۆسیەکانی هەماهەنگی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆ لە میانی شەڕی ئێستای ناوچەکەدا.

چاودێران پێیان وایە ئەم هەنگاوەی واشنتن پەرەسەندنێکی سیاسییە و هاوکاتە لەگەڵ گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە، هەروەها راگەیاندنی ئەم پاداشتە وەک بەشێک لە شەڕی فشاری سیاسی و هەواڵگری نێوان واشنتن و تاران لێکدەدرێتەوە، کە هاوتەریبە لەگەڵ رووبەڕووبوونەوە سەربازییە ناڕاستەوخۆکان لە چەندین بەرەی ناوچەکەدا.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئێران بەشدارییان لە چالاکییەکانی رۆژی قودسدا کرد لە تاران، کە تیایدا کەشێکی توندی سیاسی و جەماوەری دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو، تاوەکو ئێستا تاران بە فەرمی و بە وردی هەڵوێستی خۆی لەسەر تێپەڕاندنی ئەم لیستە و لێکەوتەکانی رانەگەیاندووە.