ئەمشەو دەرگای زیاتر لە شەش هەزار مزگەوت کراوە دەبێت
ئەمشەو لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان شەوی قەدر زیندوو دەکرێتەوە و ژمارەیەک چالاکی ئایینی جۆراو و جۆر بەڕێوەدەچن.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئەمشەو لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەرگای شەش هەزار و 224 مزگەوت کراوەیە تاوەکو بەرەبەیان نوێژخوێنان و لە مزگەوت دەمێننەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە دا، لە تەواوی مزگەوتەکان چالاکی ئایینی تایبەت هەیە، بە ئەنجامدانی نوێژی تەسبیح و گوتاری ئایینی و قورئانخوێندن و پرسیار وەڵامی ئایینی و دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربووان.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسی لەوە کرد، هەموو ساڵێک لە مانگی رەمەزاندا لە هەر 10 شەوی کۆتایی دەرگای مزگەوتەکان کراوە دەبن و جمەیان دێت لە موسڵمانان.
ساڵانە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی چین و توێژەکان، لە ئافرەتان و پیاوان و گەورە و بچووک بۆ نوێژی تەراویح دوای نوێژی عیشا لە مزگەوتەکان کۆ دەبنەوە، بە تایبەت کۆتا شەوەکانی مانگی ڕەمەزان، خەڵکێکی زۆر لە مزگەکەوتەکاندا بەدەم شەو نوێژ، قورئان خوێندن و زیکرەوە ڕۆژ دەکەنەوە.