ستارمەر و ترەمپ تاوتوێی کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەن
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام داوە و تێیدا جەختیان لە گرنگیی کردنەوەی گەرووی هورمز کردووەتەوە. ئەم گفتوگۆیە دوای رۆژێک دێت لە داواکارییەکی ترەمپ کە هانی بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی دابوو کەشتیی جەنگی رەوانەی کەنداو بکەن بۆ پاراستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە کە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێرانەوە داخراوە.
یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە دوو هەفتەی رابردوودا، گەرووی هورمز بەتەواوی داخراوە. ئید میلیباند، وەزیری وزەی بەریتانیا بە کەناڵی (BBC) راگەیاند، وڵاتەکەی چاو بە هەموو بژاردەکاندا دەخشێنێتەوە بۆ یارمەتیدان لە کردنەوەی گەرووەکە، لە نێویاندا کارکردن لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکە، هەروەها ناردنی درۆنی تایبەت بە دۆزینەوە و لەناوبردنی مین.
داخستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە لەلایەن ئێرانەوە کاریگەرییەکی کارەساتاوی لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی و نرخی وزە دروستکردووە، بەو پێیەی نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت. بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا، لە سەرەتای ململانێکانەوە تا ئێستا لانی کەم 16 کەشتی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە گەرووەکەدا هێرشیان کراوەتەسەر، هەروەها گومان دەکرێت ئێران مینی دەریایی لە ڕێڕەوەکەدا چاندبێت.
گوتەبێژی داونینگ ستریت روونیکردەوە کە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی دۆخی بەردەوامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ گیانلەدەستدانی سەربازانی ئەمریکی لەو ململانێیەدا دەربڕیوە. هەروەها ستارمەر لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش لەسەر هەمان پرس گفتوگۆی کردووە.
لە ناوخۆی بەریتانیادا بۆچوونی جیاواز لەسەر پرسەکە هەیە؛ کلێر کوتینیۆ، وەزیری وزە لە پارتی پارێزگاران پێی وایە ئەگەر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیدا بێت، دەبێت بەریتانیا کەشتی یان درۆن بنێرێتە ناوچەکە و رەخنەشی لە حکوومەت گرت کە درەنگ مۆڵەتی داوە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت.
بەپێی خەمڵاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە کە بەهای ساڵانەکەی دەگاتە نزیکەی 600 ملیار دۆلار. لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە 28ی شوبات، نرخی نەوت لە 71 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە، هەرچەندە دواتر کەمێک دابەزیوە بەڵام هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە.
سەرباری ئەوەی ترەمپ پێشتر رەخنەی لە ستارمەر گرتبوو و گوتبووی "ئەو وینستۆن چێرچڵ نییە"، دواجار سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا مۆڵەتی دا کە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە (RAF Fairford) و دورگەی (Diego Garcia) بۆ مەبەستی لێدانی "بەرگرییانە" لە مووشەکەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بەکاربهێندرێن. لەم چوارچێوەیەشدا رۆژی یەکشەممە، دوو فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژیی ئەمریکی لە جۆری (B-1 Lancer) کە توانای هەڵگرتنی گەورەترین بڕی چەکیان هەیە، لە بنکەی فێرفۆردی بەریتانیاوە بەرەو ئێران بەڕێکەوتن، کە پێشبینی دەکرێت گەشتەکەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان 7 بۆ 8 کاتژمێر بخایەنێت و کۆی ئەرکەکەشیان 15 کاتژمێر بێت.