وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەم زووانە هاوپەیمانییەک بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز رادەگەیەنرێت

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی لە چەندین وڵات، بەمەبەستی پاراستن و یاوەری کردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. پێشبینیش دەکرێت راگەیاندنی ئەو هاوپەیمانییە هەر لەم هەفتەیەدا بکرێت.

دووشەممە 16ی ئاداری 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، چەندین وڵات رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە کە ئەرکیان یاوەریکردنی کەشتییەکان دەبێت لەو گەرووەدا کە بە درێژایی کەناراوەکانی ئێراندا تێدەپەڕێت، بەڵام بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە هێشتا گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی ئایا ئەو ئۆپەراسیۆنانە پێش کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەستپێدەکەن یان دوای وەستانی جەنگ.

لە لایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی رەتی کردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بڕیارە چاوەڕوانکراوە بدات، چونکە ئەگەری هەیە بەپێی گۆڕانکاری و بارودۆخە مەیدانییەکانی جەنگەکە، کات و شێوازی راگەیاندنەکەش گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا، بەڵام بەهۆی ئەو مەترسییە گەورانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، بەشێکی زۆر لە وڵاتان بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆیان لە بەڵێندان بۆ بەشداریکردن لەم ئەرکەدا پاراستووە و هەڵوێستیان یەکلایی نەکردووەتەوە، تا ئەو کاتەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەتەواوی کۆتاییان دێت.