ترەمپ: هیچ ناکۆکییەک لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل نییە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیلی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپات کردەوە و رەتی کردەوە هیچ گرژییەک لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ هەبێت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز، پێویستە ئەو وڵاتانەی سوودمەندن و نەوتەکەیان پێ دەگات، خۆیان بەشداری لە پاراستنیدا بکەن.

دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیلی، سەبارەت بە پرسی داخستنی گەرووی هورمز مەرجی وڵاتەکەی بۆ دەستێوەردان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە، بەڵێ، دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بەشداریی جەنگەکە بکەن."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتەکەی بەرژەوەندییەکی راستەوخۆی لەو رێڕەوەدا نییە و گوتی: "ئێمە هیچمان لەو گەرووە دەست ناکەوێت، بەڵکوو ئەو وڵاتانەی نەوتەکەیان پێدەگات دەبێت ئەوان بن کە بەشداری دەکەن." لەگەڵ ئەوەش دا جەختی کردەوە کە دەبێت گەرووەکە بەتەواوی بە کراوەیی بمێنێتەوە، ئێمەش لەوێ دەبین بۆ یارمەتیدانیان."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی رۆڵی بنیامین ناتانیاهۆی کرد لە سەرکردایەتیکردنی ئیسرائیلدا و پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا سەرکردەیەکی دیکە لە ئیسرائیل هەیە بتوانێت ئەوە بکات کە ناتانیاهۆ کردوویەتی؟ نەخێر، بەڕاستی پێم وا نییە." ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەگەر سەرۆکوەزیران ناتانیاهۆ لە پۆستەکەیدا نەبووایە، ئێوە دەوڵەتی ئیسرائیلتان نەدەبوو، من پشتیوانی لە ناتانیاهۆ دەکەم."

سەبارەت بە دەنگۆی بوونی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، سەرۆکی ئەمریکا ئەو راپۆرتانەی بەتوندی رەت کردەوە و رایگەیاند، "ئەو راپۆرتانەی باس لە گرژی دەکەن هەڵەیەکی گەورەن، درۆی تەواو و هەواڵی ساختەن."

ترەمپ دەنگۆکانی بە هەواڵی ساختە وەسف کرد و دڵنیایی دا کە "پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتەکەمان هەرگیز لەمە باشتر نەبووە."