فایننشاڵ تایمز: کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری نەوت سوودمەندی یەکەمی جەنگی ئێران و ئیسرائیلن
رۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز"ـی بەریتانی رایگەیاند، بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕەکانی وزە، پێشبینی دەکرێت کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا ئەمساڵ نزیکەی 63 ملیار دۆلار قازانجی زیاتریان هەبێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای 28ـی شوباتەوە کە جەنگ دەستیپێکرد، %47 نرخی نەوت بەرزبووەوە، ئەمەش وای کردووە داهاتی نەختینەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، هاوکات بەشێک لە گەورە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بەهۆی پشکی زۆریان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، رووبەڕووی دۆخێکی سەخت بوونەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئێران بەردەوامی داخستنی گەرووی هورمزی وەک "کارتی فشار" دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکارهێناوە، ئەوەش بووەتە هۆی پەککەوتنی هەناردەکردنی نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
شارەزایانی بواری وزە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت و گەرووی هورمز نەکرێتەوە، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ماوەی مانگێکدا دەگاتە سەرووی 128 دۆلار، لە کاتێکدا کۆمپانیا ئەمریکییەکان سوود لە بەرزبوونەوەی نرخەکە دەبینن، کۆمپانیا گەورەکانی وەک "ئێکسۆن مۆبیل"، "شێڵ" و "تۆتاڵ" بەهۆی زیانەکانیان لە کەنداو، رووبەڕووی ناڕەزایی وەبەرهێنەران و هەڵاوسانی تێچووی کارکردن بوونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاردانەوەی ئەم دۆخەدا جەختی کردەوە، بەهۆی پێگەی ئەمریکا وەک گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت، بەرزبوونەوەی نرخەکان سوودی دارایی گەورەی بۆ وڵاتەکەی دەبێت، هاوکات کۆمپانیاکانی دیکەی جیهان بەدوای چارەسەری بەدیلدا دەگەڕێن بۆ خۆپاراستن لە کاریگەرییەکانی داخستنی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە.