وڵاتانی کەنداو بۆ ترەمپ: مەوەستە تا توانای سەربازی ئێران لەناو دەبەیت
وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پەیامێکی توندیان ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کردووە و جەخت دەکەنەوە، پێویستە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە رانەگیرێت تا ئەو کاتەی تواناکانی ئێران بەتەواوی لەناو دەبرێن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە ناوەڕاستی پەرەسەندنی گرژییە هەرێمییەکان و بەردەوامی شەڕ، وڵاتانی کەنداو گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە هەڵوێستەکانیاندا نیشان دەدەن و هانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەدەن بۆ بەردەوامبوون و تەنانەت چڕکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران.
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرکردەکانی ناوچەکە هێرشەکانی ئێران و پەکخستنی جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، وەک "بەزاندنی هەموو هێڵە سوورەکان" وەسف دەکەن.
دوای تێپەڕبوونی 18 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی شەڕەکە، پەیامی پایتەختەکانی کەنداو روونە: دەبێت زیانی گشتگیر بە توانای سەربازی ئێران بگات و ئەوەش دەرفەت دەداتەوە بە تاران تا بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ژێرخانی ئابوورییان.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ بەرپرسی وڵاتانی کەنداو بڵاویکردووەتەوە، وڵاتەکانیان لەم قۆناخەدا هیچ ئارەزوویەکیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نییە. ئەو بەرپرسانە روونیان کردووەتەوە، مانەوەی توانای سەربازی ئێران بە بەهێزیی، دەبێتە مەترسی بۆ سەر بەرهەمهێنانی نەوت و سەقامگیری ئابووری ناوچەکە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەرتی وزە دەبەستێت.
هاوکات، بەرپرسانی کەنداو و دیپلۆماتکارانی رۆژئاوا ئاماژە بەوە دەکەن، ئیدارەی ئەمریکا فشار دەخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کارا بچنە ناو بەرە سەربازییەکە، ئەمەش بە مەبەستی بەدەستهێنانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی و نیشاندانی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی ئێران.
عەبدولعەزیز سەقەر، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کەنداو لەمبارەیەوە دەڵێت: "لە سەرەتادا دژایەتی شەڕ دەکرا، بەڵام کاتێک ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو کرد، بوو بە دوژمن". ناوبراو جەختی کردەوە کە ئێستا تێگەیشتنێکی گشتی هەیە کە هیچ جێگرەوەیەک نییە جگە لە گەیاندنی زیانی کوشندە بە تواناکانی تاران.
لە هەفتەکانی رابردوودا، ئێران بە مووشەک و درۆن چەندین ئامانجی لە کەنداو پێکاوە، لەوانە فڕۆکەخانە، بەندەر و دامەزراوە نەوتییەکان کە بە گوێرەی شارەزایان، ئەمە تەنیا هەڕەشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو زیانی گەورەی بە وێنەی سەقامگیری ناوچەکە گەیاندووە کە رەنگدانەوەی لەسەر کەرتی وەبەرهێنان و گەشتیاری هەبووە.
سەرەڕای فشارەکانی واشنتن، وڵاتانی کەنداو تا ئێستا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداری شەڕەکەیان نەکردووە، چونکە هەر هەنگاوێکی یەکلایەنە بە مەترسیدار دەبینن و ترسیان لە پەرچەکرداری تاران هەیە. جگە لەوەش، تا ئێستا رێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان 6 وڵاتە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بۆ گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش بوونی نییە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیمارات رایانگەیاندووە کە وڵاتەکەیان خوازیاری پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان نییە، بەڵام مافی بەرگری لە خۆی دەپارێزێت. هاوکات ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە توانای سەربازی ئێران زیانی گەورەی پێگەیشتووە و هەماهەنگییەکی بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ناوچەکەدا هەیە.