لە کۆبوونەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت لە پاراستنی ژێرخانی ئابووری کرایەوە
محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی ئەمنی سەربازی و هەواڵگری کرد، بۆ چاودێری پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.
نووسینگەی راگەیاندنی، سوودانی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە هەڵوێستی ئەمنی و سەربازی، لەگەڵ خستنە ئامادەیی سەرجەم هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان بۆ ئەوەی بە ئەرکی نیشتمانی و یاسایی خۆیان هەڵسن لە پێناو پاراستنی ئاسایشی و پارێزگاری لە دامەزراوە گشتییەکان، بە تایبەتیش ژێرخانی ئابووری عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبیان کردووە، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرکردە و چەکداران کوژراون، هاوکات جەختیان کردووەتەوە بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نێردە نێودەوڵەتییەکان، کردەوەیەکی تاوانکارییە و دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی عێراق.
ئەم کۆبوونەوەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی، محەممەد شیاع سوودانی لە کاتێکدایە لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیپێکردووە، تاوەکوو ئێستا چەندینجار هێرشی درۆنی کراوەتەوە سەر باڵیۆزخانە و کونسولخانەی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر، تەنیا لە ئاسمانی هەولێر زیاتر لە 200 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە.