یارییەکانی مۆندیال بۆ یەکەمجار لە یوتیووب دەگوازرێنەوە
فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێی نێودەوڵەتی '' فیفا '' رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای '' یوتیووب '' گەیشتونەتە رێکەوتن و بۆ جاری یەکەم لە مێژوو، یارییەکانی مۆندیال لەو پلاتفۆرمە بەناوبانگە دەگوازرێنەوە.
ماڵپەری فیفا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، لە پێناو زیاتر گرنگیدان بە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان و لەوانەش پلاتفۆرمی یوتیووب، لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە گەیشتونە رێکەوتن و بۆ جاری یەکەم لە مێژوو، ئەو کەناڵانەی مافی گواستنەوەی یارییەکانیان هەیە، دەتوانن بە گوێرەی یاساکانیان بەشێک لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بگوازنەوە.
فیفا مەرجەکانی گواستنەوەی یارییەکانی لە پلاتفۆرمی یوتیووب بۆ ئەو کەناڵانەی مافی گواستنەوەیان هەیە بڵاوکردووەتەوە مەرجەکانیش بەم شێوەیەن:
- یاسای 10خولەکی یەکەم بۆ هەمووان
ئەو کەناڵانەی مافی گواستنەوەی یارییەکانی مۆندیالیان هەیە 10خولەکی یەکەمی هەموو یارییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ (Live) لە کەناڵە فەرمییەکانی خۆیان لە یوتیووب دەتوانن پەخش بکەن.
- پەخشی تەواوی هەندێک یاری
جگە لەو 10 خولەکە، ڕێکەوتنەکە ڕێگە دەدات کە ژمارەیەکی دیاریکراو لە یارییەکان بە تەواوی (90 خولەک) لە پلاتفۆرمی یوتیووب پەخش بکرێن. ئەمە زیاتر بۆ ئەو بازاڕ و ناوچانەیە کە بینەری دیجیتاڵی تێیدا لە زیادبووندایە و فیفا دەیەوێت بەکارهێنەری زیاتر کۆبکاتەوە.
- کردنەوەی ئەرشیفی مێژوویی فیفا
فیفا بڕیاری داوە بەشێکی زۆری ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی خۆی لە یوتیووبدا بڵاو بکاتەوە، لەوانە:
- تەواوی یاری مۆندیالەکانی ڕابردوو
- کورتە ڤیدیۆی ساتە مێژووییەکان
- دیمەنی پشت کامێرا و ئاهەنگێڕانی هاندەران
- دەسەڵاتی فراوان بۆ یوتیووبەرەکان
وەک هەنگاوێکی نوێ فیفا ڕێگە دەدات بە گروپێکی دیاریکراو لە یوتیووبەرە ناسراوەکانی جیهان کە بچنە ناو یاریگاکان و شوێنە تایبەتەکان بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی تایبەت، وەک کورتە ڤیدیۆ،شیکردنەوەی تاکتیکی، و گواستنەوەی کەشی ناو یاریگاکان بە شێوازێکی جیاواز.
- کورتکراوەی یارییەکان
کەناڵەکانی خاوەن مافەکان دەتوانن کورتکراوەی یارییەکان و لە پلاتفۆرمی تایبەتی خۆیان دابەزێنن و قازانجی دارایی لێ بکەن، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو کەناڵانەی دەیانەوێت لە دەرەوەی کەناڵەکانیان بینەریان هەبێت.