تەندروستی جیهانی: هۆشدارییەک سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە
بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی پزیشکی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەساتبار و قبوڵنەکراون، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە هەموو کاتێکدا کردەوە.
چوارشەممە 18ـی ئاداری 2026، حەنان بەڵخی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکدا بۆ پۆلیتیکۆ گوتی، دۆخی سیستەمی چاودێری تەندروستی لوبنان زۆر خراپە، ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتی تەندروستی پێش هێرشەکانی ئیسرائیل خۆی لە ژێر فشارێکی زۆردابوو، ئێستاش لە هەوڵدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان، ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە گەلی لوبنان بەهۆی پچڕانی چاودێری پزیشکی و زەحمەتی دەستکەوتنی خۆراکی تازە و ئاوی پاک رووبەڕوویان دەبێتەوە.
پێش چەند رۆژێک، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بە ئامانجگرتنی کارمەندانی تەندروستی لە لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە، هێرشکردنە سەر کادیرانی پزیشکی و دامەزراوە تەندروستییەکان یان بە سەربازیکردنیان، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان بە هیچ شێوەیەک رێگەی پێنەدراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستی لوبنان یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی نێوان کارمەندانی کەرتی تەندروستی گەیشتووەتە 32 کوژراو و 58 بریندار لە سەرەتای دەسپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ـی ئاداری ئەمساڵەوە.
گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا لە 1ـی ئادارەوە پەرەی سەندووە، کاتێک حزبوڵڵای لوبنان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل وەک وەڵامێک بۆ تیرۆرکردنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران.
ئیسرائیل بە بۆردومانی ئاسمانی بەرفراوان وەڵامی دایەوە، شوێنەکانی حزبوڵڵای لە باشووری بەیروت و ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان کردە ئامانج، ئەمەش بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس، هاوکات جەختیشی لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نوێ دژی ئەو رێکخراوە لوبنانییە کردەوە.