ئەمریکا فشار لە ژاپۆن دەکات بەشداری جەنگی ئێران بکات

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و  سانای تاکایچی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە واشنتن کۆدەبنەوە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا ترەمپ بە نیازە فشار بخاتە سەر ئەو ژاپۆن بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکات لە جەنگی دژ بە ئێران.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ژاپۆن بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی ئەو هاوکاریانەی کە دەتوانێت پێشکەشی بکات، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوورەکەیدا، بەتایبەتی سەبارەت بە بەشداریکردنی سەربازی لە دەرەوەی وڵات.

ترەمپ رەخنەی لە هاوپەیمانانی واشنتن گرت لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستیان لاواز بووە لەبەرانبەر هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە، ئەمریکا پێویستی بە پشتیوانی راستەوخۆ نییە، سەرەڕای ئەوەش، بەردەوامە لە فشارەکان بۆ بەشداریکردنی لۆجستی، لەوانە دابینکردنی کەشتی پاککردنەوەی مین و یاوەرکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا رێڕەوە پەکخراوە.

کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی سەردانێکی پێشوەختەی تاکایچییە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی و ئابووریی دەیان ساڵەی نێوان واشنتن و تۆکیۆیە.

لەبەرانبەردا چەندین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەوانە ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، بەشداریکردنیان لە جەنگی دژ بە ئێران رەتکردەوە، ئەمەش ناڕەزایی ترەمپی لێکەوتەوە.

لای خۆیەوە، تاکایچی لە لێدوانەکانیدا لەبەردەم پەرلەمانی ژاپۆن دووپاتی کردەوە کە "تا ئێستا وڵاتەکەی هیچ داوایەکی فەرمی لە ئەمریکا پێنەگەیشتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد "تۆکیۆ لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا بیر لە بژاردەکانی بەردەستی دەکاتەوە."