رۆژنامەیەك: سوپای ئیسرائیل پلانێكی سەربازی دادەڕێژێت بۆ رێگرتن لە ئیران لەبەدەستھێنانی توانای ئەتۆمی

گانتس: دەبێت ئیسرائیل بژاردەی سەربازی ھەبێت دژ بە ئێران، ئەمەش داھات و پارەی دەوێت

گانتس: دەبێت ئیسرائیل بژاردەی سەربازی ھەبێت دژ بە ئێران، ئەمەش داھات و پارەی دەوێت
گانتس: دەبێت ئیسرائیل بژاردەی سەربازی ھەبێت دژ بە ئێران، ئەمەش داھات و پارەی دەوێت

K24 – ھەولێر:

سەرۆك ئەركانی ئیسرائیل، جەنەراڵ ئەڤیڤ كوخافی داوای لە سوپا كرد، پلانێكی سەربازی ئۆپەراسیۆنی ئامادە بكات لە پێناو رێگرتن لە ئێران لەبەدەستھێنانی توانای ئەتۆمی سەربازی.

رۆژنامەی "ئیسرائیل ھیۆم" ئاماژەی كرد، سێ جێگرەوە ھەنە، لەماوەی داھاتوو گەڵاڵە دەكرێن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، دواتریش پێشكەش بە حكومەت دەكرێت.

ئیسرائیل ئامادەكاری خۆی دەكات بۆ ئەو جۆرە سیناریۆیانە، دوای ئەوەی ئێران رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرزكردەوە بۆ 20%، ئەم كارەش ماوەی دەستەبەركردنی بۆمبی ئەتۆمی كەم دەكاتەوە.

سەرۆك وەزیرانی جێگرەوە و وەزیری بەرگری ئیسرائیل، بینی گانتس گوتی: "لەم ساڵانەی دواییدا ئێران لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان پێشكەوتنی بەدەستھێناوە، چ لە كەڵەكەكردنی ماددە پیتێندراوەكان یان لە توانا ھێرشكارییەكانیدا و سیستەمێكی ھەیە بەڕاستی دەیەوێت بگاتە چەكی ئەتۆمی".

گانتس گوتیشی: "روونە دەبێت ئیسرائیل بژاردەی سەربازیی دژ بە ئەو ھەبێت، ئەمەش داھات و وەبەرھێنانی دەوێت، منیش كار لەسەر بەدەستھێنانیان دەكەم".

سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل، بنیامین ناتنیاھۆ بەنیازە بەرپرسێكی تایبەت بۆ رێكخستنی چارسەركردنی دۆسیەی ئێران دابنێت، كاندیدی سەرەكیش بۆ ئەم پۆستە، سەرۆكی مۆساد "یوسی كۆھین"ە دوای تەواوبوونی ماوەی ئەركەكەی لە پۆستەكەیدا لە تەمووزی داھاتوو.

وەزیری نیشتەجێكردنی ئیسرائیلی، تساحی ھنگبی ئاشكرایكردبوو، حكومەت ھەوڵدەدات، ئیدارەی داھاتووی ئەمەریكا قایل بكات، بەوەی "ئەو ھەڵانەی ئیدارەی ئۆباما"ئەنجامیدان (بەپێی وەسفی خۆی) لە ھەوڵدان بۆ ئاشتكردنەوە ئێران كە بێھودە بوون، دووبارە نەكاتەوە.

ھنگبی گوتیشی: لە حاڵەێكدا سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن گەڕایەوە ناو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەو كاتە ئیسرائیل بە تەنیا لە شەڕدا دەمێنێتەوە، بەڵام رێگا بە ئێران نادات، بەرنامەی ئەتۆمی خۆی پەرەپێدات.

رۆژنامەی ھارتس لە ھەندێك سەرچاوەی ئەمنی ئیسرائیلیی گواستبوویەوە، كەوا ئیسرائیل ھیچ نیازێكی ئاراستەكردنی گوزرێكی سەربازی دژ بەئێرانی نییە لەو ماوەیە بەدەستەوە ماوە لە ئیدارە سەرۆك ترەمپ.

بەڵام سەرچاوەكان ھۆشداریان دا لە ئەنجامەكانی خراپ لێكدانەوە لە ناوچەكەدا، كە لەوانەیە، ببێتە مایەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی  لە میانی ئەو ماوەیەدا، كە بە زۆر ھەستیار وەسفیان كرد، لە سایەی جوڵاندنی ژێردەریایی ئەمەریكایی و ئیسرائیلی لە ئاوی كەنداو و ھەروەھا كەشتیەكانی فڕۆكەھەڵگر و كەشتییە وێرانكەرەكان.