مانگی داهاتوو ره‌شنووسی بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت

وردەکای داهات و خەرجییەکان دەخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان

فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان
فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – ھەولێر:

مانگی دووی ئەم ساڵ رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی هه‌رێمی كوردستان تەواو دەبێت و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند دەكرێت، دواتر رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێ.  سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی دووی ئەم ساڵ رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 تەواو دەبێت و رەوانەی پەرلەمانی دەکەین و هێڵە گشتییەکانی پرۆژەیاساکەشی ئاشکراكرد.

فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ە بەپێی ئەو خشتە کاتیە بۆی دانراوە، دەبێت لە مانگی دوو رەشنوسی پڕۆژەکە ئامادەبکرێت و بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هێڵە گشتییەکانی پرۆژەکە خۆی لە شەفافی و خستنەڕووی سەرجەم داهاتەکان و لامەرکەزی دەبینێتەوە و پرۆژە یاسای بودجە لەو چوارچێوەیەدا ئامادە دەکرێت.

ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجە و هێڵە گشتیەکانی پڕۆژەکە لە رووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی کوردستان سوودیان دەبێت، بە تایبەت پرسی شەفافیةت لە داهات و خەرجیەکان دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی متمانە. هێڵی گشتی لامەرکەزیش دەبێتە هۆی کێبرکێی ئاوەدانکردنەوە لە نێو پارێزگاکان بەو داهاتەی بۆیان دیاری دەکرێت لە پرۆژەکانی خۆیان بەکاری دەهێنن.

فەرهاد کاکەيی، پسپۆڕی ئابووری گوتی: هێڵە گشتییەکان دەبنە هۆی گەڕانەوەی متمانە بە تایبەت پرسی لامەرکەزی، کە رۆڵی دەبێت لە کێبڕکێی ئاوەدانکردنەوە.

دوای حەوت ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی ئامادە دەکات. ئەو پڕۆژەیە وردەکاری سەرجەم داهات و خەرجییەکانی حكومەت دەخاتە بەردەم پەرلەمان، بە جۆرێک ئامادەکردنی ئەو پڕۆژەیە لەو چوارچێوەیە دەبێت، كه هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتەکانی خۆی دەبەستێت و چاوەڕێی بەغدا ناکات؛ بەڵام هەوڵەکانیشی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت.