بە دەنگی نزا و پەیامی ئاشتی، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان کرد

ئەمڕۆ هەینی 20ـی ئاداری 2026، لە کوردستان24 رووماڵی رێوڕەسمی جەژنی کرد و لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆری بەیانی، مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بوون لەو ئیماندارانەی کە بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردی و دڵێکی پڕ لە ئومێدەوە روویان لە ماڵەکانی خودا کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژنی رەمەزان.

کەشوهەوای ئەمساڵی جەژن تەنیا بۆنەیەکی ئایینی نەبوو، بەڵکو تابلۆیەکی رەنگاواڵەی تەبایی بوو. لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان، مامۆستایانی ئایینی لەسەر مینبەرەکانەوە بە دەنگێکی  پڕ لە پارانەوە، نزا و پاڕانەوەکانیان بۆ ئاییندەیەکی گەشتر و ئارامتر دوور لە جەنگ بۆ کوردستان چڕکردەوە.

لە وتاری جەژندا، مامۆستایانی ئایینی بە جۆش و خرۆشەوە دەستی نزا و پاڕانەوەیان بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و داوایان لە خودای گەورە کرد : "خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەموو جۆرە جەنگ، ئاژاوە و ناخۆشییەک بەدوور بگرێت و سێبەری ئاشتی و تەبایی هەمیشە بەسەر ئەم نیشتمانەوە بێت."