سەرۆک بارزانی: پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی 2726ـی کوردییەوە، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات لە سایەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ناوچەکەیان گرتووەتەوە یەکڕیز و هەماهەنگ بن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و بەرژەوەندییەکانی وڵات. 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و، سەری ساڵی 2726ـی كوردی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو كوردستانیانی خۆشەویستی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەكەم. هەروەها جەژنی نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەی جیهان و ناوچەكە پیرۆز دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە فەرهەنگ و مێژوویان. هیوادارم ساڵێكی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری بێت بۆ هەموو لایەك.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هەمیشە موژدەی دەستپێكێكی نوێ و ئومێدی تازە و سەركەوتن بەسەر ستەمكاران و سەختییەكاندا بووە. ئەمە وەك فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بەردەوامبوون و تێكۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتی لە مێژووی گەلی كوردستاندا ڕەگی قووڵی داكوتاوە.

نەورۆزی ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكاری و ئاڵۆزی و گرژیی زۆر لە ناوچەكەمان و جیهان بە گشتی. لەو دۆخە هەستیار و مێژووییەدا، پێویستە زیاتر لە هەر کاتێک لایەنە سیاسیەكان هەماهەنگ و هاوكاری یەكتری بن و پشتیوانی بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەمان بن.

هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێكێك بۆ تەبایی و برایەتیی زیاتری نێوان لایەنە سیاسیەكان و خەڵكی خۆشەویستی كوردستان ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەكان بە شادی و كامەرانی بەڕی بكەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەكە دوور لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی بتوانن لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بەخێر وخۆشی


مسعود بارزانی

29ی ڕەشەممەی 2725ی كوردی  
20ی ئاداری 2026