بەریتانیا هۆشداریی دەداتە ئێران

حکوومەتی بەریتانیا بە فەرمی رەزامەندی نیشان دا، کە هێزەکانی ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەکاربهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگە موشەکییەکانی ئێران لە ناوچەی گەرووی هورمز.

نووسینگەی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بڵاوی کردەوە، کە رەزامەندییان نیشان دا، ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکە، بۆ هێرشکردنە سەر پێگە مووشەکییەکانی ئێران لە ناوچەی گەرووی هورمز بە کار بهێنێت.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە "بەرگری بە کۆمەڵ" دراوە بۆ تێکشکاندنی ئەو توانایانەی ئێران کە کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتە ئامانج.

لای خۆیەوە ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هەر هێرشێکی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی وەڵامی توندی دەبێت.

لە بەرانبەریشدا، ئێران هۆشداری داوە کە بەکارهێنانی بنکە بەریتانییەکان بە "بەشداری راستەوخۆ لە دەستدرێژی" دادەنرێت.

 

گەرووی هورمز

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیژیترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، چەندین تایبەتمەندیی جوگرافی و ئابووریی گەورەی هەیە. ئەم گەرووە بە بڕبڕەی پشتی دابینکردنی وزەی جیهان دادەنرێت.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران،  رۆژانە نزیکەی 20 بۆ 21 ملیۆن بەرمیل نەوت بەم گەرووەدا تێدەپەڕین، کە دەکاتە نزیکەی 20% بۆ 30%ـی کۆی گشتیی نەوتی بەکاربراوی جیهان.

بەشێکی زۆری گازی سروشتیی شلکراوە (LNG)ی جیهان، بە تایبەتی بەرهەمەکانی قەتەر، لە رێگەی ئەم گەرووەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکران. بە گشتی نەوت و گازی وڵاتانی سعوودییە، عێراق، ئیمارات، کوەیت و ئێران بەم رێڕەوەدا دەگوازرێنەوە.