روبیۆ بۆ تاران: یان رێککەوتنی باش یان بژاردەی دیکە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، ریگەیاند؛ وڵاتەکەی لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی باش لەگەڵ ئێران، یان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە بە شێوازێکی دیکە.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە نیودەلهی ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن پێش ئەوەی بیر لە بژاردە جێگرەوەکان بکاتەوە، هەموو هەلێک بە دیپلۆماسی دەدات بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت. گوتیشی: "پێشنیازێکی زۆر بەهێز لەسەر مێزەکەی سەرۆکی ئەمریکایە، کە پەیوەستە بە کردنەوەی گەرووی هورمز و ئەنجامدانی دانوستانی راستەقینە و کات بۆ دیاریکراو سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشان دا و رایگەیاند؛ رەنگە هەر ئەمڕۆ رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەجەنگ لەگەڵ ئێرانواکۆ بکرێت، گوتیشی: "پێمان وابوو شەوی رابردوو یان ئەمڕۆ هەندێک هەواڵی نوێمان پێ بگات."
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە و ئاسایشی ئیسرائیل، مارکۆ روبیۆ جەختی کردەوە، ئیسرائیل مافی تەواوی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و گوتی: "ئەگەر حزبوڵڵا مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات، ئەوا ئیسرائیل مافی رەوای خۆیەتی وەڵامی هەبێت."
رۆژی شەممە 23ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاند، بارودۆخەکە لە بەردەم دوو بژاردەدایە و گوتی: "پێموایە یەکێک لەم دوو شتە روودەدات؛ یان زۆر بە توندی لێیان دەدەین کە پێشتر وایان لێ نەدرابێت، یان رێککەوتنێکی باش واژۆ دەکەین."
ترەمپ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، جارید کۆشنەر و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک کۆببێتەوە بۆ پێداچوونەوە بەو رەشنووسە نوێیەی کە لە ئەنجامی دانوستانەکانی ئێران و پاکستان هاتووەتە کایەوە. هاوکات، بڕیارە ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەکۆمەڵ لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو، میسر، ئوردن و تورکیا ئەنجام بدات بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.
لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران و واشنتن لە قۆناخی کۆتایی گفتوگۆکاندان بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن (MOU). بەپێی گوتەی ئێرانییەکان، یاداشتنامەکە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- کۆتاییهێنان بە جەنگ.
- کردنەوەی پلەبەندیی تەنگەی هورمز.
- لادانی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران.
- ماوەی 30 بۆ 60 رۆژ بۆ دانوستانی وردتر لەسەر رێککەوتنێکی گشتگیر.
ترەمپ جەختی کردووەتەوە، تەنیا ئەو رێککەوتنە قبووڵ دەکات کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و پاشکۆی ئەتۆمی ئێران یەکلایی بکاتەوە.هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاندووە پێشکەوتن هەیە، بەڵام پێویستە ئێران دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو بێت و گەرووی هورمز بە تەواوی و "بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و سەرانەیەک" بکرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نێوان بژاردەکاندا "دابەشبووە". بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەدەن، ناتانیاهۆ زۆر نیگەرانە لەم رێککەوتنەی ئێستا باسی لێوە دەکرێت و داوای لە ترەمپ کردووە گەڕێکی دیکەی هێرشی سەربازی بکات.