لەتاو ئەشکەنجەدانیان دەستیان بەسەر زیندانەکەدا گرت
زیندانێکی رۆژئاوای ڤەنزوێلا لەلایەن سەدان زیندانەوە دەستی بەسەردا گیرا، داواکاریی زیندانەکان دەرکردنی بەڕێوەبەرەکەیانە، هەروەها لە کاتی ئاژاوەکەدا چەند درووشمێکیان بەرزکردبووەوە کە لەسەری نووسرابوو 'رزگارمان بکەن' 'ئەشکەنجەمان دەدەن'.
زیندانەکان لە هۆڵەکانی زیندانییەکەی باریناس بەتانیان سووتاند، هەروەها چوونەتە سەر سەربانی زیندانەکە کۆبوونەوە و دروشمی "ئەشکەنجەدان رابگرن! ئەشکەنجەدان رابگرن!"یان دەگوتەوە. دواتر پۆلیس گەمارۆی زیندانەکەیان دا.
دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانییەکان لە نزیک زیندانەکە کۆبوونەتەوە، هاوکات باسیان لەوە کردووە ژمارەیەک لە زیندانییەکان برینداربوون.
یێلیتزا ئارۆلۆ یەکێک لە کەسکارانی زیندانییەکان گوتی: لە 8ـی ئایارەوە هیچ هەواڵێکی لەسەر کوڕەکەی کە لە شاری باریناس زیندانی کراوە، بەدەست نەگەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە توندی لێیان دەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن، ئاوی ساردیان بەسەردا دەڕێژن، کارەبایان لێدەدەن، ئاگریان تێبەردەدەن، مامەڵەیەکی خراپیان لەگەڵدا دەکەن، دەمانەوێت بەڕێوەبەرەکە لە کارەکەی دووربخرێتەوە".
لای خۆیەوە، روانگەی زیندانەکانی ڤەنزوێلا کە رێکخراوێکی مرۆییە، رایگەیاند "نزیکەی هەزار و 200 پیاو و زیاتر لە 100 ئافرەتی دەستبەسەرکراو لە باریناس دەستیان بە مانگرتن کردووە".
روانگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتى بەرپرسیار لە بەڕێوەبردنى زیندانەکان ئەو زیندانییانەی زیاتر لە هەفتەیەکە ناڕەزایەتی لە خراپ بەڕێوەبەردن دەردەبڕن، پەراوێز خستووە و گوێیان لێناگیرێت، بەپێچەوانەوە بە گازی فرمێسکڕێژ رووبەڕوویان دەبنەوە.
چالاکوانان ساڵانێکە رەخنەیان لە قەرەباڵغی زیندانەکانی ڤەنزوێلا و کەمی خۆراک و نەبوونی چاودێری پزیشکی گرتووە، بە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ وەسفی دەکەن.
لە ساڵی 2023، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەوکاتی ڤەنزوێلا، فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ دەستوەردان لە زیندانە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەدا دەرکرد، کە ساڵانێک بوو لەژێر کۆنترۆڵی باندەکاندا بوون.