عێراق.. بنکەکانی حەشدی شەعبی بۆردومانکران
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمبییەکان، لە چەند هێرشێکی فرۆکە و درۆنیدا چەند بنکەیەکی حەشدی شەعبی لە عێراق کرانە ئامانج، هاوکات لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە هێرشکرایە سەر ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا.
یەکشەممە 22ـی ئاداری 2026، شانەی قەیرانەکان لە پارێزگای بابل رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن سێ هێرش بۆ سەر مۆڵگەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی جورف سەخەر ئەنجامدراوان، بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشەکان بنکەکانی "کەتائیبی حیزبوڵڵا"یان کردووەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی ئەوەی بنکەکان پێشوەختە چۆڵکرابوون، هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسیی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا رووبەڕووی هێرش بووەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن پرۆسەی چۆڵکردنی ناوەندەکە و گواستنەوەی کارمەندانی ئەمریکی بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێکردووە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بەردەوام پێداچوونەوە بە رێوشوێنە ئەمنییەکاندا دەکەن بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی ئاگری شەڕەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رۆژانە بە درۆن و موشەک هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، لە بەرانبەریشدا پێنتاگۆن بۆ یەکەمجار دانی بەوەدا نا کە هەلیکۆپتەرە جەنگییەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر گروپە چەکدارەکان.
ئەم هێرشانەی شەوی رابردوو لە کاتێکدایە، کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، پێنج رۆژ مۆڵەتی دابوو بۆ راگرتنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا بە مەرجی راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کشانەوەی کارمەندانی (CIA) لە بەغدا، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانیان و هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە، نیشانی دەدەن کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.