بەغدا دەخرێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری رابردوودا رێوشوێنی ئەمنی توند لە زۆربەی ناوچەکانی پایتەخت گیراوەتەبەر و چەندین خاڵی پشکنینی نوێ دانراون، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان لە زۆربەی شەقامەکاندا.

دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی کردووە لە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی شاری بەغدا هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بەربەستی کۆنکرێتی و بازگەی هێزە ئەمنییەکان دابنرێتەوە.

ئەم بڕیارە و توندکردنی رێکارە ئەمنییەکان دوای ئەوە دێت، مەترسی جددی لەسەر بنکە و بارەگا سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان دروستبووە، بۆیە بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هێزە ئەمنییەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی ئەگەریی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەو شوێنە هەستیارانە.