نرخی نەوت بەرزبووەوە و بەرمیلێک نەوتی برێنت 113 دۆلاری تێپەڕاند
ئەمڕۆ دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشووی کۆتایی هەفتەدا رایانگەیاند، جەنگ دژی ئێران کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، بۆ چەند هەفتەیەکی دیکەش بەردەوام دەبێت.
دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی جیهاندا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکرد هۆکارەکەشی بەردەوامیی جەنگە کە بووەتە هۆی پەکخستنی جوڵەی گواستنەوەی سووتەمەنی لە گەرووی هورمز کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەستپێکردنی مامەڵەکان لە بۆرسەی شیکاگۆ، نرخەکان بەم شێوەیە بوون:
1- نەوتی خاوی برێنت: بە رێژەی 1.73% بەرزبووەوە و گەیشتە 113.44 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
2- نەوتی خاوی تەکساس (WTI): بە رێژەی 1.78%بەرزبووەوە و گەیشتە 100.10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
شارەزایان پێیان وایە تەمومژاویبوونی داهاتووی ململانێکان و ئەگەری درێژخایەنبوونی جەنگەکە، کاریگەری زیاتری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی وزەی جیهانیدا دەبێت، بە جۆرێک لەوانەیە نرخەکان زۆر لەوەی ئێستا هەیە زیاتر بەرز ببنەوە.