بنکەی خەراب ئەلجیر لە رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج

بنکەی خەراب ئەلجیری کە پێشتر سەربازانی ئەمریکی تێدابوو، لە سنووری شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان کرایە ئامانج و گوایە هێرشەکانیش لە سنووری پارێزگای نەینەواوە ئاراستەی ئەو بنکەیە کراون.

ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23 ئاداری 2026، بە شەش درۆنی بۆمبڕێژکراو بنکەی خەراب ئەلجیر کرایتە ئامانج و دەنگۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکیش هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە مانگی رابردوو هێزەکانی ئەمریکا دوای رێککەوتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا، سەربازە ئەمریکییەکان بنکەکانی شەدادێ، خەراب ئەلجیریان چۆڵکرد.

هەر لە بارەی هێرشەکەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوای عێراق رایگەیاندووە، حەوت مووشەک لە خاکی عێراقەوە ئاراستەی بنکەی خەراب ئەلجیر کراوە، کە دەکەوێتە سنووری قامشلۆ لە پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.

هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکان بڵاویکردەوە، بە هەمانشێوە بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەک لە رمێلان، مەزندە دەکرێت هێرشەکان لە عێراقەوە کراوەبن.

بنکەی خەراب ئەلجیر لە باشووری قامیشلۆ، پێشتر و بەر لەوەی چۆڵ بکرێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هێزی سەربازی ئەمریکای تێدا جیگیرکرابوو.