لە ئەنبار فەرماندەیی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج
فڕۆکە جەنگییەکان لە پارێزگای ئەنبار بارەگای فەرماندەیی حەشدی شەعبیان بۆردومان کرد، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لەو هێرشەدا ژمارەیەک فەرماندەی حەشد کوژراون.
هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان کەمێک لەمەوبەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 ئەنجامدراوە و جیا لە کوژرانی ژمارەیەک فەرماندەی حەشد و ژمارەیەکی دیکەی فەرماندە بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، کە بەشێکیان برینەکانیان قورسە.
هەروەها لە بەشێک لە سەرچاوەکانی هەواڵێ ناوخۆی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، سەعد دوایی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە پارێزگای ئەنبار و حەیدەر ئەلمەعمووری بەڕێوەبەری ئەمنی حەشد لە هەمان فەرماندەیی لەو هێرشە ئاسمانییەدا کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاویکردووەتەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە جزیرە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومانکراوە و بەهۆیەوە دوو چەکدارایان برینداربوون.
راشیگەیاندووە، هێرشەکە کاتژمێر 12:20 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جزیرە لە ناوچەی جورفولسەخر – سەعیدات کراوە، تەنیا دوو چەکداری لیوای 47 برینداربوون، ئاماژەشیداوە، حەشدی شەعبی لە ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت و سەرەڕای بەردەوامبوونی هێرشەکانی سەریان، بەڵام لە بەرەنگاری هەموو ئاڵنگارییە بەردەوام دەبێت.