رۆیتەرز: قالیباف رۆڵی سەرەکی لە دانوستانە نهێنییەکانی نێوان تاران و واشنتن دەگێڕێت
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک کارەکتەرێکی میحوەری و دەسەڵاتدارێکی بێ رکابەر لە گۆڕەپانەکەدا دەردەکەوێت. قالیباف ئێستا لە لووتکەی هەرەمی بڕیاردان نزیک بووەتەوە، بووەتە نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان باڵە سیاسی، ئەمنیی و ئایینییەکانی وڵاتدا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "رۆیتەرز" کە پشتی بە سەرچاوە ئاگادارەکان و بەرپرسانی ئیسرائیلی بەستووە، قالیباف لە پشت پەردەوە خەریکی دانوستانە لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێ ناوچەییەکان. هەرچەندە قالیباف خۆی ئەم هەواڵانەی رەتکردووەتەوە، بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە وردی چاودێری دەور و نەخشی ئەو دەکەن و وەک "هاوبەشێکی ئەگەری یان تەنانەت سەرکردەی داهاتووی ئێران" سەیری دەکەن، لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت لە فشاری سەربازییەوە بەرەو کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەنگاو بنێت.
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی کوشندەدا، تاران تووشی شۆک و پەرتبوونێکی قووڵ بووە. لەم کاتەدا قالیباف کە متمانەپێکراوێکی نزیکی موجتەبا خامنەییە، توانیویەتی وەک چەترێک بۆ کۆکردنەوەی نوخبە سیاسی و سەربازییەکان دەربکەوێت. ئەو بە توندی هەڕەشەی لە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ کردووە و بەڵێنی "لێدانی وێرانکەری داوە کە دوژمنانی وڵاتەکەی ناچار بە پاڕانەوە بۆ رەحمەت بکات.
محەممەد باقر قالیباف لەدایکبووی 1961 مێژوویەکی دوورودرێژی لە ناو جومگەکانی دەسەڵاتدا هەیە. لە تەمەنی 22 ساڵیدا بووەتە جەنەڕاڵ لە سوپای پاسداران و وەک فڕۆکەوانێکی سەربازی خزمەتی کردووە. ژیانی سیاسی ئەو تێکەڵەیەکە لە سەرکەوتن؛ لەلایەک وەک سەرۆکی شارەوانییەکی سەرکەوتووی تاران12 ساڵ دەناسرێت، لە لایەکی دیکەشەوە بەشدارێکی سەرەکی بووە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکانی ساڵی 1999و خۆپیشاندانەکانی 2009.
قالیباف کە سێ جار کاندیدی سەرۆکایەتی بووە و نەگەیشتووەتە پۆستەکە، ئێستا لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پێگەی خۆی وەک بەهێزترین پیاوی ئێران چەسپاندووە. لە کاتێکدا ئێران لە نێوان فشاری نێودەوڵەتی و تێکشکانە ئەمنییە ناوخۆییەکاندا گیریکردووە، چاوان لەسەر ئەو جەنەڕاڵە دیپلۆماتکارەیە کە ئایا دەتوانێت دەسەڵاتی ئێران لەو گەردەلوولە رزگار بکات، یان دەبێتە دواین کارەکتەری قۆناخێکی پڕ لە ئاڵۆزی.