میدیای ئێران ئامانجەکانی پشت هەواڵی پەیوەندیی ترەمپ و قالیباف ئاشکرا دەکات
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە لەگەڵ بەرپرسێکی ئێران لە گفتوگۆدایە و وەک دەگوترێت ئەو کەسە قالیبافە، بەڵام ئەمە تووڕەیی بەشێکی ئێرانییەکانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن ئەمە بۆ لێدانە لە پێگە و ناوی قالیباف.
میدیاکانی ئێران سێ هۆکار بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاستی دانوستانی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە دەخەنە روو:
1. دەیەوێت قالیباف وەک کەسایەتییەکی دیاری ئێستای ئێران نیشان بدات و بڵێت ژێربەژێر لەگەڵ ئەمریکا لەسەر هێڵە.
2. نانەوەی دووبەرەکی و دروستکردنی کەشی ناکۆکی لە ناوخۆی وڵاتدا، واتە بەرەیەکی ناکۆکی دروست بکات و وای نیشان بدات گرووپێک لە ناوخۆدا لەگەڵ ئەواندان.
3. هەوڵدان بۆ تیرۆری جەستەیی و خۆشکردنی بواری جێبەجێکردنی کردەوەی تیرۆریستی دژی قالیباف، واتە هەوڵ بدرێت هاوشێوەی بەرپرسانی دیکەی ئێران بکرێتە ئامانج.
رۆژی دووشەممە، 23ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا واشنتن و تاران گفتوگۆی قووڵ و بەرهەمداریان ئەنجام داوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی یەکجاریی ململانێکان و کۆتاییهێنان بە دوژمنداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ روونیشی کردەوە، بە پشتبەستن بە کەشوهەوای ئەرێنیی گفتوگۆکان و بڕیاردان بۆ بەردەوامبوونیان بە درێژایی ئەم هەفتەیە، فەرمانی بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کردووە سەرجەم هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزە و ژێرخانی ئابووریی ئێران رابگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، ئەم راگرتنە کاتییە تەنیا بۆ ماوەی 5 رۆژ دەبێت و بەستراوەتەوە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرەڕای ئەوەی دەگوترێت، ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەکەنەوە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن و بە تایبەت ترەمپ کردبێت.