کالاڤیۆری: لەو ماوەیە زیاتر لە دایکم قسەم لەگەڵ گاتوزۆ کردووە

ریکاردۆ کالاڤیۆری
ریکاردۆ کالاڤیۆری


ریکاردۆ کالاڤیۆری بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە دووەم رۆژی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی پێشکۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا لە پێناو گەیشتن بە مۆندیالی 2026 گووتی، لە دۆخێکی باشدایە و هیچ کێشەیەکی نیە.

بەرگریکارەکەی ئازۆری لە بەشێکی قسەکانیدا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای دووەم یەکەی ئامادەکاری هەڵبژاردەکەی لەبارەی گێنارۆ گاتوزۆ راهێنەری هەڵبژاردەکەی دەڵێت '' زۆر دڵخۆشم لەگەڵ گاتوزۆ، لە ماوەی رابردوو زیاتر لە دایکم لەگەڵ گاتوزۆ لە پەیوەندیدا بووم، ئەو هەمیشە پاڵپشتیم دەکات، بە تایبەت دوای ئەوەی تووشی پێکان بووم بەردەوام ئامۆژگاری دەکردم. دواتر لە شاری لەندەن سەردانی کردم و پێکەوە نانمان خوارد ''.

کالاڤیۆری لەبارەی یارییەکی بەرامبەر ئایرلەندای باکوور دەڵێت '' پێویستە زۆر بە باشی ئامادەکاری بۆ ئەو یارییە بکەین، دەبێت بە شێوەیەک بیر بکەینەوە کە یارییەکی ئاساییە و گەشبین بین، هەروەها دەبێت ئاگاداری هێرشە هەڵگەڕاوەکان بین، چونکە ئەوان زۆر مەترسیدارن. لە تۆپی پێی ئەمڕۆدا ئەوان دەتوانن جیاوازییەکی گەورە دروست بکەن، بۆیە پێویستیمان بە ئامادەکاری باش هەیە ''.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رۆژی 26ـی ئەم مانگە و لە قۆناغی پێشکۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەوروپا، لە پێناو بەدەستهێنانی یەکێک لە بلیتەکانی مۆندیالی 2026، میوانداری هەڵبژاردەی ئایرلەندی باکوور دەکات.