نیویۆرک تایمز: محەممەد بن سەلمان داوای لە ترەمپ کردووە جەنگ بەردەوام بێت
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە گفتوگۆ نهێنییەکانیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، فشاری کردووە بۆ بەردەوامبوونی جەنگ تاوەکوو لەناوبردنی تەواوەتی حکوومەتی ئێران. بن سەلمان پێی وایە ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە، بەڵام هاوکات ریاز لەسەر ئاستی فەرمی ئەم دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز کە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە دەستی کەوتووە، محەممەد بن سەلمان لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین جار بە ترەمپی راگەیاندووە کە نابێت شەڕەکە بە نیوەچڵی جێبهێڵدرێت. شازادەی جێنشین پێی وایە ئێرانی بریندار و تووڕە مەترسیی زۆر گەورەترە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو وەک لە ئێرانی پێش جەنگ، بۆیە دەبێت واشنتن و تەلئەڤیڤ تا کۆتایی بڕۆن و سەرکردایەتی تاران لەناو بەرن.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بن سەلمان تەنانەت پێشنیازی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ نێو خاکی ئێران کردووە، بەتایبەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە تاوەکوو تاران بە تەواوی توانای دارایی و سەربازی لەدەست بدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە نێوان بژاردەی هێورکردنەوە و پەرەپێدانی جەنگدا دوودڵە و نیگەرانی نرخی نەوتە لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
لەسەر ئاستی فەرمی، حکومەتی سعوودیە ئەم زانیارییانەی رەت کردووەتەوە و لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: "سعوودیە هەمیشە پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتییانە کردووە و ئێستاش نیگەرانی سەرەکی ئێمە پاراستنی خەڵک و ژێرخانی وڵاتەکەمانە لە هێرشە رۆژانەکانی ئێران." فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعوودیەش رایگەیاندووە کە ئەوان هەموو هێزە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانیان بەکاردەهێنن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی تاران.
شارەزایان جیاوازییەکی ستراتیژی لە نێوان روانگەی سعوودیە و ئیسرائیلدا دەبینن؛ ئیسرائیل رەنگە بە دروستبوونی وڵاتێکی شکستخواردوو و ئاژاوەی ناوخۆیی لە ئێران رازی بێت، بەڵام سعوودیە وڵاتێکی شکستخواردوو لە تەنیشت خۆی وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی کوشندە دەبینێت.
بن سەلمان کە ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی پرۆژەی گەورەی "بینینی 2030"یە، دەزانێت کە بەردەوامیی جەنگ و داخراویی گەرووی هورمز هەڕەشە لە ئایندەی ئابووری وڵاتەکەی دەکات، بەڵام ترسی گەورەی ئەو لەوەیە کە ترەمپ پاشەکشە بکات و وڵاتانی ناوچەکە لە بەرانبەر ئێرانێکی تۆڵەسێنەردا بە تەنیا جێبهێڵێت. بۆیە، ڕیاز لە نێوان دوو بژاردەی سەختدایە: یان ئاگربەستێکی خێرا یان شەڕێکی یەکلاکەرەوە کە رەگی مەترسییەکانی ئێران هەڵبکێشێت.