بلوومبێرگ: ئێران هەناردەی گازی بۆ تورکیا راگرت

لە پاش هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کێڵگەی گازی پارسی باشوور، حکوومەتی ئێران هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا راگرت. ئەم بڕیارە کە هێشتا ماوەی خایاندنی دیار نییە، وای لە ئەنقەرە کردووە پشت بە یەدەگەکانی ناوخۆ و هاوردەکردنی گاز لە رووسیا و ئازەربایجان ببەستێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئاداری 2026، بلوومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئێران بەهۆی ئەو زیانانەی بەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی کەوتووە، ناردنی گازی بۆ تورکیا وەستاندووە. وەزارەتی وزەی تورکیا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم پێشهاتە نەداوە، بەڵام ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تاران ساڵانە نزیکەی 13%ـی پێداویستیی گازی تورکیا نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا دابین دەکات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پەککەوتنی هەناردەی گاز دوای ئەوە دێت کە رۆژی 18ـی ئادار، ئیسرائیل کێڵگەی گازی پارسی باشووری بۆردوومان کرد کە گەورەترین یەدەگی گازی جیهانە. ئەم هێرشە زنجیرەیەک پەرەسەندنی سەربازیی لێکەوتەوە و ئێران وەک تۆڵەکردنەوە هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت قەتەر، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوو.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تورکیا ئێستا خاوەنی 6.3 ملیار مەتر سێجا گازی کۆگاکراوە، کە دەتوانێت وەک پەرژینێکی کاتی رێگری لە قەیرانی سووتەمەنی بکات، چونکە بەکاربردنی رۆژانەی گاز لەو وڵاتە دەگاتە 230 ملیۆن مەتر سێجا. هاوکات، تورکیا هاوردەکردنی گاز لە ڕووسیا و ئازەربایجانەوە زیاد کردووە تاوەکوو هاوسەنگیی بازاڕ ڕابگرێت.

جگە لە تورکیا، ئێران هەناردەی گازی بۆ عێراقیش راگرتووە، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە بەشێکی کەمی ئەو گازە دەستی پێکردووەتەوە. ئەم دۆخە مەترسیی ئەوەی دروست کردووە کە ئەگەر شەڕ و هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزە بەردەوام بن، بازاڕی وزەی جیهانی تووشی شۆکێکی گەورەتر ببێت و کاریگەریی راستەوخۆ بخاتە سەر ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە.